نیسان 12, 2023 18:21 Asia/Tehran
  • وەزیری دەرەوەی سوریا گەییشتە عەرەبستان

سەرچاوە سوورییەکان باسی گەییشتنی «فەیسەڵ میقداد» وەزیری دەرەوەی سووریا و شاندەکەی یاوەری بە شاری جددەی عەرەبستانیان کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی (سانا)؛ «فەیسەڵ میقداد»و شاندەکەی یاوەری ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەردانێکی کاری لەسەر بانگهێشتی هاوتا سعوودییەکەی «فەیسەڵ بن فەرحان» و بە مەبەستی تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرسەکانی جێی نیگەرانی هەردوولا، گەییشتە شاری جددە.

بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، «وەلید خەریجی» جێگری وەزیری دەرەوەی عەرەبستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە فڕۆکەخانەی جددە بەخێرهاتنی شاندەکەی سوریایان کرد.

سانا هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە «ئەیمەن سۆسان» یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی سوریاو «جەمال نەجیب» بەڕێوەبەری بەشی پشتیوانیی ڕاپەڕاندن و «یەزن ئەلحەکیم» ئەندامی نووسینگەی وەزیری دەرەوە لەم گەشتەدا یاوەری «فەیسەڵ میقداد»ن.

سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی سوریا بۆ جددە لە کاتێکدایە کە سعودیە لە ساڵی ٢٠١٢ەوە  پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ سوریا پچڕاندووەو نووسینگەی کونسوڵگەریی خۆی لە دیمەشق داخستووە.

لە کۆتایی مانگی ڕابردوو (مارس) دوای زیاتر لە دە ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ سوریا، وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستان دەستپێکی دانوستانەکانی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە بۆ بووژاندنەوەی چالاکیی خزمەتگوزاریی کونسوڵگەری پشتڕاست کردەوە.

سەرپەیڤ