شوبات 03, 2025 15:20 Asia/Tehran
  • ١٨ کوژراو لە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو

تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیکی بەنزینخانەیەکدا لە ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای حەڵەبی سوریا ١٨ کوژراوی لێکەوتەوە.

ڕێکخراوی بەرگریی شارستانیی سووریا ڕایگەیاندووە؛ ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری منبێج هەڵکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای حەڵەبی سوریا تەقیوەتەوە و بۆتە هۆی کوژرانی ١٨ کەس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە و چواردە کەس لە قوربانییەکان ژنن. ڕۆژێک لەمەوبەریش بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە ناوەڕاستی شاری منبج لە دەڤەری حەڵەب لە باکووری سوریا سێ کەس کوژران. دەڤەری بەنداوی تشرین لە ڕۆژهەڵاتی منبجیش بۆتە گۆڕەپانی شەڕ و پێکدادانی ڕۆژانە و بەردەوام لە نێوان هێزەکانی هەسەدە و گرووپە چەکدارەکانی ناسراو بە سوپای نیشتمانی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە داکۆکیان لێ دەکرێ. گرووپی چەکداری ناسراو بە سوپای نیشتمانی سوریا لە مانگی ڕابردووە بە پاڵپشتی تورکیا هەوڵێکی بەربڵاوی داوە بۆ گرتنەدەستی کۆنترۆڵی منبج.

سەرپەیڤ