پێداگریی هەسەدە لەسەر پێویستیی پارێزرانی یەکپارچەیی سوریا
فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک باسی ئامادەیی ئەم هێزانەی کردووە بۆ ئەوەی بچنە ڕیزی هێزەکانی وەزارەتی بەرەڤانی سوریا و بەشێک بن لە ستراتژیی بەرەڤانیی ئەم وڵاتەدا.
مەزڵووم عەبدی لە وتووێژێکدا لە کاردانەوە بە کۆبوونەوەی ئەمدواییەی گرووپە سوورییەکان، لە دیمەشق و هەڵبژاردنی جۆلانی وەکوو سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری سوریا، وتی: ئێمە لەم کۆبوونەوەیەدا نەبووین و سەبارەت بەوەش هیچ ڕاو بۆچوونێکمان نییە، ئێمە بەردەوام هەوڵ دەدەین بزانین داهاتووی سوریا چ دەبێت.
عەبدی سەبارەت بە داهاتووی سوریا پێیشیداگرت لەسەر پێویستیی یەکپارچە مانەوەی ئەم وڵاتە و ڕایگەیاند کە ڕوانگەی ئەوان ئەوەیە کە سوریا دەبێ وڵاتێکی دیموکراتیک بێت و مافەکانی هەموو چین و توێژ و هۆز و ئـەتـنـێـکـی تێدا پارێزراو بێت.
فەرماندەی هەسەدە لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند: کوردی سووریا لە دووی جیابوونەوە یان پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمانی سەربەخۆ نین، دانیشتووانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا خوازیاری بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆیی خۆیانن لە چوارچێوەی حکوومەتی ناوەندیدا.