جۆلانی پێشنووسی بەیاننامەی یاسای بنەڕەتیی سوریای واژۆ کرد
ژێدەرە سوورییەکان ڕایانگەیاندووە پێشنووسی بەیاننامەی یاسای بنەڕەتیی سوریا ئامادە کراوە و سەرۆکی حکومەتی کاتی ئەم وڵاتەیش واژۆی کردووە.
لە پێشنووسی بەیاننامەی یاسای بنەڕەتی سوریادا کە لەلایەن کۆمیتەی کارناسانی مافەوانی سوریاوە داڕێژراوە، هاتووە کە شەریعەتی ئیسلامی سەرچاوەی سەرەکیی یاسادانانە لە سوریا، سوریا پێبەندە بە جیا و سەربەخۆ بوونی دەزگە سەرەکییەکانی حکومەت و ئایینی سەرۆک کۆماری سووریاش هەر ئیسلام دەمێنێتەوە.
پێشنووسی بەیاننامەی یاسای بنەڕەتیی سوریا هەروەها پێداگرە لەسەر ئەوەی کە وڵات پابەند دەبێت بە ڕێککەوتنەکانی مافی مرۆڤی واژۆکراو و هەروەها سەربەخۆبوونی دەزگەی دادەوانی.
کۆمیتەی داڕشتنی بەیاننامەی یاسای بنەڕەتیی سوریا بە پێداگری لەسەر پێویستیی پێکهاتنی کۆمیتەی دارشتنی یاسای بنەڕەتیی هەمیشەیی، وتیشی: قۆناغی حکومەتی کاتی لە سووریا بۆ ماوەی ٥ ساڵ دیاری کراوە.