ئادار 31, 2025 16:47 Asia/Tehran
  • وتەبێژی ئەنەکەسە: پێکهێنانی حکومەتی نوێی سوریا بەبێ کورد هەڵەیەکی گەورەیە

وتەبێژی ئەنەکەسە پێیداگرت لەسەر هەڵە بوونی پێکهێنانی حکومەتی نوێی سوریا بەبێ بەشداری کورد و ڕایگەیاند، بە تەرخانکرانی ژمارەیەک پۆست لە حکومەتی نوێی سوریادا ، مافەکانی کورد مسۆگەر نابێت.

فەیسەڵ یوسف، وتەبێژی ئەنەکەسە لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند: پێکهێنانی حکومەتی نوێی سوریا بە تەنهایی بەس نییە، ئێمە دەمانەوێت هاوبەشی ڕاستەقینە بین لە حکومەتی نوێی سوریادا. مافی کورد بە  پۆست دابین ناکرێت، ئێمە دەمانەوێت مافی کورد لە سوریای نوێ و لە حکومەتی نوێدا مسۆگەر بکرێت و لەبیر نەکرێت.

ناوبراو وتیشی: جۆلانی وا قسە دەکات وەک بڵێی کوردی لەبیر نەکردووە، بەڵام تا ئێستا بە کردەوە هیچی نەکردووە. پێکهێنانی حکومەتی نوێی سوریا بەبێ بەشداری پێکهاتەکان و لەبیرکردنیان هەڵەیەکی گەورەیە.

ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیکیش بە ڕەخنەی تووند لە داڕشتی کابینەی نوێی حکومەتی سوریا، ئەم کابینەیەی بێوەری لە فرەچەشنیی سیاسی و هەمەڕەنگیی کۆمەڵایەتی زانی و ڕایگەیاند، ژنانی سوریا بەشدارییەکی ڕاستینەیان لە حکومەتی نوێی ئەم وڵاتەدا نییە و پێویستە بە خۆدوورخستنەوە لە دەسەڵاتێکی یەکلایەنەخواز، ڕێبازێکی نوێ لەسەر بنەمای دیموکراسی و دیالۆگ لە سوریا دروست بکرێت.

سەرپەیڤ