بانگەشەی تازەی هەسەدە لەبارەی بەشداریی لە سوریا
یەکێک لە فەرماندەکانی یەکەکانی ناسراو بە یەپەژە و هێزەکانی دیموکراتیکی سوریا وتی: تەبایینامەکەی ١٠ی مارس هەلێکی گرینگی ڕەخساندووە بۆ درووستبوونی بەشداریی نیشتمانیی ڕاستینە لە سوریادا.
"سۆزدار حاجی" پێیداگرت ئەم ڕێککەوتنە دەبێ لە سەر بنەمای نوێنەرایەتیی دادگەرانەی هەموو فەکتەرە ئەتنی، ئایینی و ئایینزاییەکانی وڵات جێبەجێ بکرێت. سۆزدار حاجی وتی: ئەم تەبایینامەیە ئێستایش هەر بڕاوپێکراوە و هیچ بڕگەیەکی دژ بە حکومەتی سوریای تێدا نییە، بەڵام کێشەی سەرەکی ڕادەی پێبەندیی لایەنەکەکانە بە جێبەجێکردنی تۆکمە و تەواوی بڕگەکانی. ناوبراو پێکهاتنی حکومەتێکی هاوپەیمانی بە یەکێک لە گرینگترین بڕگەکانی ئەم تەبایینامەیە هێنایەئەژمار و پێیداگرت کە هەموو شاروومەندان، بە کورد، عەرەب، عەلەوی، مەسیحی و موسڵمانەوە دەبێ لەگەڵ ئەوەی شوناسی کلتوورییان پارێزراو بێ، خاوەنی مافێکی یەکسانیش بن.