خۆپیشاندانی بەرفراوانی عەلەوییەکانی سوریا دژ بە حکومەتی جۆلانی
دوابەدوای بانگەوازەکەی شێخ "غەزال"، سەرۆکی ئەنجومەنی ئیسلامیی عەلەوییەکانی سوریا، خەڵک لە شار و ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەم وڵاتەوە ڕژانە سەر شەقامەکان.
لە سەعاتەکانی سەرەتای ئەمڕۆوە شارەکانی سوریا کەشێکی تەواو ئەمنییان بە سەردا زاڵ بوو و هێزەکانی سەر بە جۆلانی بە شێوەیەکی بێوێنە لەم شارانەدا سەقامگیر کران. سەرەڕای جێگیرکرانی ژمارێکی زۆر هێزی ئەمنی و بەکارهێنانی بەرفراوانی ماشێنی جەنگی هێزەکانی جۆلانی لەسەر شەقامەکان، سوورییەکان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان. خۆپیشاندەران لە شارەکانی لازقیە، تەرتوس، بانیاس و جەبەلە لە ڕۆژاوا و باکوری ڕۆژاوای سوریا هاتنە سەر شەقامەکان و داوای پاراستنی هاوڵاتیانی سڤیل و کۆتاییهێنان بە پێشێلکرانی مافی هاوڵاتیان و ئەو توندوتیژیانەیان کرد کە لەلایەن حکومەتەوە ئەنجام دەدرێ. بەڵام لە وەڵامی داخوازەکانی خەڵکی سوریادا هێزەکانی سەر بە جۆلانی پەلاماری خەڵکیان دا ودەستیان دایە گرتن و لێدانیان. خۆپیشاندەران بە هەڵگرتنی لافیتە ناڕەزایەتییان دەربڕی سەبارەت بە شێوەی حکومڕانی و خوازیاری حکومەتی ئۆتۆنۆمی و بەردەوامیی خۆپیشاندانەکانیان کرد. هەروەها هاووڵاتییان لە شاری حومس و ناوچەی "عەینەلکروم" لە دەڤەری حەما کۆبوونەوە. خۆپیشاندەران داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانیان کرد. مەبەست لە خۆپیشاندانەکە ناڕەزایەتی دەربڕین بوو بەرامبەر بە پێشێلکردنی مافە مەدەنییەکان و پەراوێزخرانی کۆمەڵگای عەلەوی و داواکارییەکانیان. شێخ "غەزال"، سەرۆکی ئەنجومەنی ئیسلامی عەلەوییەکانی سوریا، ڕەخنەی توندی گرت لە بێدەنگی جیهانی و بارودۆخی ئێستای شوبهاند بە جەنایەتەکانی نازییەکان. ناوبراو وتیشی: "ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینی، هەوڵێکە بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی نەتەوەیەک و بە زۆر ملکەچ کردنیان. پیاوەکانمان دەبرێنە گرتووگەکان و ژنەکانمان بەبێ هیچ بەربەست یان ڕێگرییەک دەڕفێنرێن. ئەوان ناچارمان دەکەن دەست بۆ توندوتیژی ببەین”. سەرۆکی ئەنجومەنی ئیسلامی عەلەوییەکانی سوریا وشداریشی دا: درێژەدان بەم دۆخە و دەستبەکارنەبوونی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی تەنیا هەر وێرانکاریی و تووند و تیژی زیاتری لێدەکەوێتەوە.