سەرکوتی خۆپیشاندانی عەلەوییەکانی سووریا ، کوژران و بریندار بوونی ناڕازیان لە لازقیە و تەرتووس
دوا بە دوای خۆپیشاندانی بەربڵاوی عەلەوییەکانی سووریا دژی پەلامار بۆسەر مزگەوتی عەلەوییەکان لە حومس لانیکەم دوو ناڕازی لە لازقیە کوژران و دەیان کەسیش بریندار بوون .
سەرچاوە خۆجێییەکان باسی تەقەکردنی چەکدارانی حکومەتی کاتیی جۆلانی و کردەوەی توندوتیژی هێزە ئەمنییەکانیانی ناوبراو لە دژی خۆپیشاندەران لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی سوریا دەکەن، هەروەها دۆخی ئەمنی پارێزگاکانی کەنارئاوی و ناوەڕاستیش قەیراناوی ڕاپوڕت کراوە . میدیاکانی سوریاش باسیان لەوە کردووە کە لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا هێزێکی ئەمنیی جۆلانی کوژراوە و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون. هەزاران کەس لە عەلەوییەکانی سوریا، بە بانگەوازی سەرۆکی ئەنجومەنی ئیسلامی باڵای عەلەوییەکان، لە شارە جۆربەجۆرەکانی ئەو وڵاتە خۆپیشاندانیان کرد و داواکارییەکانی وەک فیدراڵیزم، مافی دیاریکردنی چارە نووس و کۆتاییهێنان بە پەراوێزخستنی سیاسییان بەرزکردەوە، ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر رەوشی ئەمنی و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لەلایەن هێزەکانی حکومەتی کاتیی و گروپە هاوپەیمانەکانی. ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عەلەوییەکان لە سووریا و دەرەوەی وڵات، بە توندی ئیدانەی پەلاماری هێزەکانی حکومەتی کاتی دژی ناڕازییانی عەلەویی کرد و ئەو کارەی بە پێشێلکارییەکی ڕوون و ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ زانی و ڕایگەیاند، حکومەتی جۆلانی بە سەرکوتکردنی ناڕازیان ، نیشانی داوە کە نوێنەری ڕاستەقینەی گەلی سووریا نییە و ڕێز لە مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان ناگرێت. لە بەیاننامەکەدا هاتووە، هەموو جۆرە تیرۆر و تۆقاندنێک لە دژی خۆپیشاندەران لە سوریا بەکارهێنراوە، لەوانە کوشتن، تەقەکردن، پەلاماردانی جەستەیی، دەستبەسەرکردن و بەکارهێنانی زۆر.