وەڵامدانەوەی هەسەدە بە پەلاماری درۆنیی هێزەکانی جۆلانی
هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) ڕایگەیاند؛ لە وەڵامدانەوە بە پەلاماری درۆنیی هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا لە دەورووبەری بەنداوی تشرین، ئۆتۆمبیلێک و پێگەیەکی گرووپە چەکدارەکانی ژێرفەرمانی وەزارەتی بەرگریی سووریای پێکاوە.
هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند؛ گرووپەکانی سوڵتان موراد، سوڵتان سولەیمان و هەمزە سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکومەتی کاتیی دیمەشق، بە کەڵک وەرگرتن لە دوو درۆنی خۆتەقێن، ناوچە ئاوەدانەکانی نزیک بەنداوی تشرینیان کردەئامانج. هەسەدە ئەو پەلامارانەی بە ئاژاوەگێڕیی مەترسیدار و درێژەی سیاسەتی تێکدانی سەقام و ئاسایش لێکدایەوە. هەسەدە هەروەها ڕایگەیاند؛ ئەو گرووپانە هەروەها گردی "سیریاتێل" لە دەورووبەری بەنداوی تشرینیان بە دوو درۆنی خۆتەقێنی دیکە کردۆتەئامانج بێ ئەوەی زیانی مرۆیی لێ بکەوێتەوەو لەهەمبەر ئەو پەلامارە بەردەوامانەدا، هێزەکانمان شوێنی هاوێژرانی درۆنەکانیان، بەئامانج گرت.