کانونی دوھەم 06, 2026 19:27 Asia/Tehran

سەرچاوە سوورییەکان باسی تێکهەڵچوونی قورسی نێوان هەسەدە و هێزەکانی جۆلانی لە دەڤەری حەڵەب دەکەن.

سەرچاوە سوورییەکان ڕایانگەیاندووە کە شەڕ و پێکدادان لە گەڕەکی دێرحافر ڕوویداوە و چەندین چەکداری سەر بە جۆلانی کوژراون یا بریندار بوون. هێزەکانی سەر بە جۆلانی شاری دێرحافریان دایە بەر گوللەهاوەن و دۆشکا و ڕەشاشی قورس. لە هێرشی ئەمڕۆی گروپەکانی سەر بە جولانی بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینه‌کانی حەڵەب کەسێک گیانی لەدەستداوە و ١٧ کەسی دیکەش برینداربوون. ھێزەکانی هەسەدەیش وەڵامی سەرچاوەکانی تەقەیان دایەوە و پێگەو مەتەرێزەکانی هێزەکانی سەر بە جۆلانییان لە میحوەرەکانی ڕۆژاوای دێرحافر خستە ژێر هێرشێکی قورس و بەم شیوە شەڕ و پێکداداهن لە ناوچەکە تەشەنەی سەند. ئەم هێرشە لەکاتێکدا ڕوویدا کە هێزەکانی سەر بە جۆلانی، دوای دۆزینەوەی شوێنی هەڵدانی درۆنەکانی هەسەدە لە نزیکی دێرحافر، دەستیان دایە کوتانی شوێنی هەڵدانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هەسەدە. هەروەها هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایانگەیاند: ئێمە گرووپەکانی سەر بە دیمەشق بە بەرپرسیار دەزانین بەرامبەر بە دواهاتەکانی ئەم شەڕە پڕمەترسییە.  هێزەکانمان مافی خۆیانە وەڵامی هێرشەکان بدەنەوە لە پێناو بەرگریکردن لە خەڵک و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەماندا. گروپی عەمشاتی سەر بە هێزەکانی جۆلانی سەنتەری ناحیەی دێر حافریان بەدرۆن، هاوەن و چەکی قورس بۆردومان کردووە و زیانێکی زۆریان بە تۆڕەکانی کارەبا گەیاندووە . ئەمڕۆ هەسەد لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بەو هێرشانەی لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە جۆلانی کرانە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب ڕایگەیاند: ئەم ڕەفتارە نابەرپرسانەیە تەنها دەبێتە هۆی پەرتەوازەکردنی هێزە نیشتمانییەکانی سوریا، و بە ڕوونی دەری دەخات کە حکومەت جیدی نییە لەو هەوڵانەی کە بانگەشەی بۆ دەکات بۆ یەکخستنی گەلی سوریا و بنیاتنانی دەوڵەتێکی دیموکراتیک کە هەمو هاوڵاتیان تێیدا لە ماف و ئەرکەکاندا یەکسان بن بەبێ جیاکاری و پەراوێزخستن. دەستپێبوونەوەی شەڕ و پێکدادانی نێوان هەسەدە و جۆلانی دوابەدوای ئەوەی ڕوویدا کە کۆبوونەوەکەی مەزڵووم عەبدی و کاربەدەستانی حکومەتی دیمەشق بەبێ هیچ دەسکەوتێک کۆتایی هات.

سەرپەیڤ