درێژەی شەڕ و پێکدادانەکان لە حەڵەبی سووریا و کوژرانی پێنج کەسی دیکە
باکووری سووریا بەهۆی تێکهەڵچوونی چەکداریی نێوان دەس و پێوەندییەکانی جۆلانی و هەسەدە هەروا ئاڵۆزکاوە.
شەڕ و پێکدادانی قورسی نێوان هێزەکانی جۆلانی و هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) لە شاری حەڵەب بۆ سێیەم رۆژی بەدوای یەکدا درێژەی هەیە.
سەرچاوە هەواڵییەکان باس لە تێکهەڵچوونی قورسی نێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی هەسەدە لەگەڵ دەس و پێوەندییەکانی جۆلانی دەکەن لە دەورووبەری گەڕەکی شێخ مەقسوود لە حەڵەب .
هێزەکانی جۆلانی، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک تۆمەتبار دەکەن بە دەسپێکەری تێکهەڵچوون، دانەبەر دەسڕێژی ناوچە نیشتەجێبووەکان و پێش گرتن بە چوونەدەری کەسانی سیڤیل و هێرشەکەی خۆی بۆسەر ناوچەگەلێکی حەڵەبی بە سنووردار و ئامانجمەند لەپێناو پاراستنی ئاسایش، پاسا داوەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە هەسەدە، حکومەتی جۆلانی بە بەرپرسی تەشەنای گرژیی و هێرش بۆسەر ناوچە ئاوەدانەکان و هەروەها بە پێشێلکەری ئاشکرای یاساوڕێسا مرۆییەکان و پێشەکییەک دەزانێ بۆ "کۆمەڵکوژکردنی کەمینەکان و کوردەکان".
هاوکات شەوی رابردوو هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە ئاکامی پەلاماری چەکدارانی سەربە حکومەتی دیمەشق لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییەو شێخ مەقسوود لە حەڵەب تائێستا ١٢ کەس کوژراون و ٦٤ کەسیش بریندار بوون.