شەڕ و پێکدادانی قورسی نێوان هێزەکانی حکومەتی کاتیی سووریاو هەسەدە
سەرچاوە هەواڵییەکان رایانگەیاند: لە حەڵەب شەڕ و پێکدادانی قورس هەیە لەنێوان هێزەکانی حکومەتی کاتیی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە).
گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەڵەبی سووریاو ناوچەکانی دەورووبەری شایەتی شەڕ و پێکدادانی قورسە لەنێوان هێزە ئاسایشییەکانی حکومەتیی کاتیی جۆلانی و هەسەدە.
هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دووجار پەلاماری هێزەکانی جۆلانی بۆسەر گەڕەکی شێخ مەقسوودی پووچەڵ کردۆتەوە. لەهەمان کاتدا هێزەکانی حکومەتی کاتیی جۆلانی هەوڵ دەدەن تفاق و کەرەستەو چەکئامێری قورس بگەیێننە گەڕەکەکانی شار.
سوپای حکومەتی کاتیی سووریاش ڕایگەیاندووە، توانیویەتی ناوچەی شێخ مەقسوود لە حەڵەب کۆنترۆڵ بکا، هەسەدەش رایگەیاند، شەڕ و پێکدادان لەو ناوچەدا هەروا درێژەی هەیەو کۆنترۆڵکرانی لەلایەن سوپای جۆلانییەوە درۆیە. هەسەدە هەروەها ڕایگەیاند؛ سوپای سووریا لەئەنقەست هەڵیکوتاوەتە سەر نەخۆشخانەی خالید لە گەڕەکی شێخ مەقسوود بۆیە پێویستە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان خێرا هەنگاو بنێن و بریندارانی ئەو نەخۆشخانە بگوازنەوە.
ئەنجومەنی باڵای عەلەویەکانی سووریاش لە کاردانەوە بە ڕووداوەکانی حەڵەب ڕایگەیاند، ئەوەی وا لە سووریا دەقەومێ، شێوازێکی ئامانجمەند و مەترسیداری توندوتیژی، تیرۆریزم و پاکتاوکردنی ڕەگەزییە.