نائەمنی؛ بەربەستی گەڕانەوەی ئاوارە کوردەکان بۆ سەریکانی
ئاوارە کوردەکانی خەڵکی سەریکانی، پاش هێرشکرانە سەر کاروانی گەڕانەوەی ئاوارەکان لە شاری گرێسپی، خوازیاری دابینکرانی ئاسایش و دەستەبەری یاسایی بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و موڵکی خۆیان بوون.
لە پەلامارەکەی ٢٦ی ئۆکتۆبەردا، زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە باڵەخانەیەکدا گەمارۆ دران و ئاگر بەردرایە ئۆتۆمبیلەکانیان. هێزە ئاسایشییەکان پاش ٩ کاتژمێر توانیان کەسانی گیرۆدە لەنێو ئەو باڵەخانەیە رزگار بکەن. ئەم ڕووداوە بووە هۆی وەستانی پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەریکانی. ئاوارە کوردەکان باس لەوە دەکەن کە ماڵ و موڵکیان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە. کاربەدەستانی پارێزگای حەسەکەیش ڕایانگەیاندووە کە ئەو کەسانەی بە شێوەی نایاسایی دەستیان گرتووە بەسەر ماڵ و موڵکی خەڵکی سەریکانی، دادگایی دەکرێن. بەپێی ئاماری فەرمی لە مانگی ئابەوە تا ئێستا، ٣ هەزار و ١٨١ بنەماڵە لە چوارچێوەی ٦ کارواندا گەڕاونەتەوە بۆ سەر زێد و ماڵی خۆیان. ئاوارەکان سوور و پێداگرن لەسەر ئەوەی کە گەڕانەوەی ئەمن و بێ کێشە پێویستی بە دابینکرانی ئاسایش، پاراستنی سامان و داراییان و هەروەها دەستەبەرکردنی گەرەنتی یاساییە.