نیسان 28, 2017 12:27 Asia/Tehran
  • پڕۆگرامی شەس بەربژاری هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران

حەسەن ڕۆحانی، سەید ئیبراهیم رەئیسی سادات، سەید مستەفا ئاقامیرسەلیم، محەممەد باقری قالیباف، سەید مستەفا هاشمی تەباو ئیسحاقی جەهانگیری، بەربژارانی دوازنزەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران سەبارەت بە پلان و پڕۆگرامی داهاتووی خۆیان قسەیان کرد .

حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێستاو بەربژاری هەڵبژاردنەکانی دوانزەهەمین خولی سەرۆک کۆماریی ئێران رۆژی پێنج شەممە لە بەرنامەی هەڵبژاردنیی خۆیاندا لە دیمانەیەکی رادیۆییدا، درێژەدان بە میانەڕەوی و ئیعتداڵی لە سەریەتی بەرنامەکانی ڕاگەیاندو وتی: ئیسلامی ئیعتداڵ و ئیسلامی ڕەحمانەیت، بنەمایە بۆ هەنگاونانی شیاوی گەلی ئێران.

رۆحانی ، ڕەخساندنی هەلی کار بۆ لاوانی وەک یەک لە بەرنامەکانی خۆی ڕاگەیاندو وتی: کەمکرانی هەڵاوسان، نەمانی ڕکودو قەتیس مان، ڕاکێشانی گەشتیاران و بەرزکردنەوەی ئاستی هەنارە نانەوتیەکان لەپێناو دۆزینەوەی هەلی کارکردن و گەشەپێدانی ئاسایش و تەعامول لەگەڵ جیهانی لە بەرنامەکانی دەوڵەتەکەی لەچوار ساڵی ڕابردوودا بووەو ئەو ڕەوتە درێژەی دەبێ.

سەید ئیبراهیم رەئیسی بەربژاری تری دوانزەهەمین خولی سەرۆک کۆماریی ئێرانیش ڕۆژی پێنج شەممە پاش تۆمارکردنی بەرنامەی تەبلیغاتی خۆی، لەنێو پەیامنێراندا بەپێداگری لەسەر هێنانەدی دەوڵەتێکی گشتداگر بەئامادەبوونی بەرپرسانی گشت باڵ و لایەنە سیاسییەکان، وتی: لەهەموو تواناو پتانسێلەکانی بەردەم و هێزی مرۆیی کارامەو لێهاتوو بۆ لەبەرچاوگرتنی پارت و ڕیزبەندی سیاسی، کەڵک وەردەگرێ.

سەید ئیبراهیم ڕەئیسی هەروەها وتی: بەکەڵک وەرگرتن لە هەموو تواناکانی وڵات و هێنانەدی کۆدەنگی، کێشەو گرفتە کارگێڕیی و ئابوریەکانی ئێران چارەسەر دەکرێت.

محەممەدباقری قالیباف، بەربژارێکی دیکەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێرانیش رۆژی پێنج شەممە لەقسەگەلێکی لە وتووێژی تۆمارکراوی تەلەفزیۆنی لەگەڵ خەڵکی ئێراندا، جەختی کرد لەسەر گرینگیدان بە پرسە فەرهەنگی و ئابووریەکان و وتی: بەهاوکاری و یەکڕیزی خەڵک، وڵاتی ئێران هەردەم شانازی ئافرێن دەبێ.

قالیباف ، بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش(برجام) ی بە سەنەدو بەرپرسایەتی نیشتمانی ئێران ناوبردو وتی: دەبێ هەوڵ بدرێ مافی گەلی ئێران لەلایەنی بەرامبەر بسێنرێ هەتا لەهەلە ڕەخساوەکانی "برجام" بۆ بەرهەم هێنانی ناوخۆیی کەڵک وەربگیردرێ.

ناوبراو ئاماژەشی کرد بە هێمنی و ئاسایشی ئێستای ئێران و وتی: ئەو ئاسایشە لەکاتێکدایە کە ڕاهێنەران و بەدیهێنەرانی تیرۆریستان لە ئوروپاو وڵاتانی ناوچە، خۆیان بەرەوڕووێ ناهێمنین.

سەید مستەفا ئاقا میرسەلیم یەکێکی دیکە لە بەربژارانی دوانزەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێرانیش ، دۆزینەوەی هەلی کار، نیشتەجێبوون، دڵنیایی کۆمەڵایەتی بەمافی گەلی ئێران زانی وداوای لە خەڵکی ئێران کرد لەسەر بنەمای ناسینی بەوردیی تواناو پتانسێلەکان، دەنگ بدەن بە بەربژاری شیاو و لێهاتوو.

ئاقامیرسەلیم هەروەها لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی پیلانگێڕییەکانی ئەمریکاو چەسپاندنی ئاسایشی ئێرانیش وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران هەردەم سەلماندوویەتی کە جێی مەترسی بۆ هیچ وڵاتێک نییە بەڵام بۆ دابین کردنی ئاسایشی خۆی هەوڵی پێویست ئەنجام دەدات.

سەید مستەفا هاشمی تەبا، بەربژارێکی دیکەی دوانزەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێرانیش پێش تۆمارکردنی بەرنامەی هەڵبژاردنیی دەرەوەسنووری خۆی لەنێو پەیامنێراندا وتی: دەبێ بەڕاوتەگبیر و لەبەرچاوگرتنی پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان بەرەنگاری سیاسەتە دژە ئێرانیەکان ببێتەوە.

هاشمی تەبا، هەروەها پێی داگرت لەسەر کەڵک وەرگرتن لە توانای ئێرانیانی دەرەوەی وڵات و وتی: ئێران لەگەڵ وڵاتانی جیهان جگە لەو وڵاتانەی بەڕەسمییەتیان ناناسێ، لەسەر بنەمای تەبایی، هاوکاری و هەلومەرجی دادگەرانە و دەستتێوەرنەدان، پەیوەندیی و هاوکاری دەبێ.

ئیسحاقی جەهانگیری، یاریدەری یەکەمی سەرۆک کۆمار و بەربژاری دوانزەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێرانیش پێشتر لە دیمانەیەکی ڕادیۆییدا پێی داگرتبوو لەسەر پێوشوێن گرتنی سیاسەتی ئابووری خۆڕاگرانە، نەهێشتنی هەژاری و سڕینەوەی سیمای نەداری و هەژاری لە کۆمەڵگای ئیسلامی.

جەهانگیری وتی: بڕیارەکانی سەرۆک کۆمار ، دیاریکەر و گرینگە لەچارەنووسی وڵاتداو گەلی ئێران پتر لە هەرکەسێک هۆگری چارەنووسی خۆیەتی.

دوانزەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران١٩ی مای٢٠١٧ بەڕێوە دەچێ.

سەرپەیڤ