زەریف: قسە بێ بنەماکانی ترەمپ ناتوانێ خۆڕاگریی جەماوەری ئێران سست بکات
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوێشەو(دووشەممە) لەنێو ئێرانیانی دانیشتووی ئەفریقای باشووردا، وتی: قسەی پڕووپووچ و بێ بنەمای دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا ناتوانێ زەبر لە بەرگری، خۆڕاگری و سەربەرزیی گەلی ئێران بدات.
ترەمپ هەینی١٣ی ئۆکتۆبر بە دووپات کردنەوەی تۆمەتی پڕووپووچ لەدژ گەلی ئێران، کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دەوری بنەڕەتی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی جێی داکۆکیی واشنگتۆن لە سووریاو ئێراقدا هەیە، بە داکۆکی لە تیرۆریزم تاوانبار کرد.
ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە ڕەشەکوژەکان لە ئێراق و سووریا لەسەر داوای فەرمیی ئەو وڵاتانە، یارمەتی ڕاوێژکاریی بەوان دەکا، کردەیەک کە قەت ترەمپ پێی خۆش نابێ.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، محەممەد جەوادی زەریف هەروەها گەلی ئێرانی بە پاڵپشتی پێشکەوتن و ئاسایشی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناوبردو وتی: ئێرانی ئیسلامی بەهۆی داکۆکییەکانی جەماوەر لە چل ساڵی رابردوودا توانیویەتی هەموو زەخت و گوشارەکان، دەسدرێژکاریی وبایکۆتەکان سەربەرزانە وەپشت سەربنێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، باڵادەستی و پێشکەوتنی ئابووری و زانستی خۆی قەرزداری هیچ وڵاتێک نییە، وتی: ئەو ئاسایشییەی ئێران هەیەتی هیچ وڵاتێک لەناوچەدا، نییەتی.
زەریف ئاماژەشی کردە تاوانکارییەکانی عەرەبستان و هاوپەیمانانی لە یەمەن و وتی: رژیمی سەعوودی بە دۆلارە نەوتییەکان، چەکئامێری سەربازی لە ئەمریکا دەکڕێ و بەوان، خەڵکی ستەملێکراوی یەمەن خەڵتانی خاک و خوێن دەکات.
دەسدرێژکاریی سەربازیی عەرەبستان بۆسەر یەمەن کە بەپاڵپشتی ئەمریکا لە مارسی٢٠١٥وە دەس پێ کرا، تائێستا کوژرانی زیاتر لە١٣هەزار یەمەنی، برینداربوونی دەیان هەزار کەس، ئاوارە بوونی بەملوێنان یەمەنی و وێرانبوونی ژێرخانەکانی ئەو وڵاتەی لێکەوتووەتەوە.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرلەئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە بۆ بەشداربوون لە سێزدەهەمین دانیشتنی کۆمیسیۆنی هاوبەشی هاوکارییە ئابوورییەکانی ئێران و ئەفریقای باشوور و دیدار لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە گەیشتە پرۆتۆریا.