پرێس کۆنفرانسی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، تاووتوێی پرسە دوو قۆڵیی، ناوچەیی و جیهانییەکان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و پەرەی هاوکارییە دوو قۆڵییەکانی لە تەوەرەکانی دانیشتنی سێ قۆڵیی سەرانی ئێران، ڕووسیاو کۆماری ئازەربایجان ڕاگەیاند.
بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لە پرێس کۆنفرانسەکەی لەگەڵ پەیامنێرانی ناوخۆیی و دەرەوەیی لە وەڵامدانەوە بە پرسیاری پەریامنێری بەشی دەرەوەسنووریی ڕادیۆ وتەلەفزیۆنی ئێران، سەبارەت بە دانیشتنی ڕۆژی چوارشەممەی سێ لایەنەی سەرانی ئێران، ڕووسیاو کۆماری ئازەربایجان ، لە تاران ، وتی: ئەو دانیشتنە دەرفەتێکی زۆر شیاوە هەتا بەرپرسانی پلەبەرز لەبارەی کۆمەڵێک بابەت کە هەرسێک وڵاتەکەو ناوچەش لەگەڵیاندا بەرەوڕوویە، ڕاوێژکاری شێلگیرانەیان هەبێت.
قاسمی لەبارەی کۆبوونەوەکانی حەوتەمی ئاستانە لەبارەی سووریا کە ئەمڕۆ دووشەممە لەپایتەختی قەزاقستان دەسپێکرا، هیوای خواست: تەبایی پێویست لەنێوان سێ وڵاتی ئێران، ڕووسیاو تورکیا بێتەدی هەتا هەنگاوێکی کاریگەر بێت لەیارمەتیدانی جەماوەری سووریا و سەقام و ئاسایشی ناوچە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: دۆزینەوەو هەڵگرتنەوەی مین و ئاڵووێری بەندکراوان، دوو پرسی سەرەکی کۆبوونەوەکانی حەوتی ئاستانەیە.
قاسمی لەکاردانەوە بە لێدوانەکانی عادڵ جوبەیر وەزیری دەرەوەی عەرەبستان لەمەڕ ئەوەی کە ئەگەر یارمەتییەکانی ئێران بە حوسییەکان نەبوایە، شەڕ لە یەمەن کۆتایی پێهاتبوو، وتی: قسەو لێدوانی بەرپرسانی عەرەبستانی بەڕواڵەت وەک عادەتێکی لێهاتووە کە بۆ تێگەیشتن ناشێ و بەرپرسانی ئەو وڵاتە عادەتیانە گیروگرفتەکانیان بە چەواشەکاری و تاوان پاڵدانی کەسانی دیکە، وەڵامی پرسەکە بدەنەوە.
وتەبێژی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران جەختی کرد: پرسی یەمەن، ڕوونەو دەسدرێژکاریش دیار و ئاشکرایە، ڕوونە کە چ کەسانێک بە چەکی قورس و بۆردومانی ناوچە ئاوەدانەکان، خەڵکی یەمەن دەکەنە ئامانج.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەرروەها لەوەڵامدانەوە بەو پرسیارە کە نوێنەری عەرەبستان لەڕێکخراوی نەتەوەکان وتوویەتی؛ ئێران سیاسەتی هەڵاواردنی ڕەگەزیی لەدژ خەڵکانێک دەگرێتەبەر کە فارس زمان نین ، وتی: هەندێ بەرپرسی عەرەبستانی بەسەرنجدان بە قەیرانە جیاجیا ناوچەیی و جیهانییەکان لەهەوڵدان، دوژمنی گریمانەیی بەدی بێنن و دەست دەدەنە کردەی لەئێران ترساندن و لە هەر بابەتێک کەڵک وەردەگرن کە تائێستاش سەرکەوتوو نەبوون.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی درێژەی تەگەرەنانەوەی هەندێ وڵات لەمەڕ ڕێککەوتنی ناڤۆکیش وتی: وەزارەتی دەرەوە بەوپەڕی تواناوە لەئاراستەی کەم کردنەوەی تەگەرە نانەوەکانی ئەمریکا لەبەردەم بەرجام(ڕێککەوتنی ناڤۆکی) ، هەوڵ دەدات پەیمان شکێنییەکانی ئەمریکا کەم بکاتەوە.