تشرینی دووه‌م 10, 2017 08:48 Asia/Tehran
  • پێداگریی زەریف لە سەر گەڵاڵەی ئاشتی چوار بڕگەیی ئێران بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی یەمەن

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دیسان گەڵاڵەی ئاشتی چوار بڕگەیی ئێران بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی یەمەنی بە تەنیا ڕێگای کۆتایی هاتنی شەڕ و پێکدادان لەم وڵاتەدا زانی.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "محەممەد جەواد زەریف" لە لاپەڕەی شەخسی خۆیدا لە تویتەر بە ئاماژە بە گەڵاڵە چوار بڕگەییەکەی ئێران بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی یەمەن کە ساڵی ٢٠١٥ ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە،  نووسی؛ ئەم گەڵاڵەیە ئاگربڕ، یارمەتیی مرۆڤدۆستانە، وتووێژی یەمەنی- یەمەنی و پێکهێنای دەوڵەتی گشتداگر لە یەمەن دەگرێتەوە.

زەریف پێی داگرت: ئەمڕۆ، پاش دوو ساڵ و نیو و بە قوربانی بوونی ژمارێکی زۆر لە خەڵکی یەمەن، هێشتایش هەر ئەو گەڵاڵەیە بەسوودە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ساڵی ٢٠١٥ و بە مەودایەکی کەم پاش دەسپێبوونی پەلامارەکانی هاوپەیمانی بە سەرکردایەتیی عەرەبستان دژ بە یەمەن، لە نامەیەکدا بۆ بان کی مۆن سکرتێری گشتیی پێشوویی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژە بە باروودۆخی پڕمەترسیی لە یەمەن پێی داگرت: پەلاماری ئاسمانی بە ئاشکرا بەرایی ترین بنەماکانی مافی نێودەوڵەتی بنپێ کردووە و ئامانج و بنەماکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەتایبەت پێویستیی خۆبواردن لە دەکارهێنانی زۆر و یان هەڕەشە و گوڕەشە بە دەکارهێنانی زۆری بنپێ کردووە.

لەم نامەیەدا هەروەا هاتووە؛ قەیرانی یەمەن ڕێگاچارەی سەربازی نییە و تەنیا ڕێگای دامەزراندنی ئاشتی و پاوەجێی، ڕەخساندنی هەلێکە بۆ ئەوەی هەموو پارت و لایەنە یەمەنییەکان بە بێ خۆوەردانی بیانی بتوانن دەوڵەتێکی یەکگرتووی نیشتمانی و گشتداگر پێک بێنن.

بە بەردەوام بوونی پەلامارەکانی عەرەبستان بۆ سەر یەمەن و خاپوور کرانی دام و دەزگەی ژێرخانییەکانی ئەم وڵاتە بەتایبەت زەبر کەوتن لە سیستەمەکانی ئاوگەیاندن، نەخۆشی کولێرا لەم وڵاتە خەریکە بە خێرایی پەرە دەستێنێ.

 عەرەبستانی سەعوودی بە داکۆکیی ئەمریکا لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە پەلاماری سەربازی بۆ سەر یەمەن بە بیانوویی گەڕاندنەوەی "عەبدوڕەبە مەنسوور هادی" سەرۆک کۆماری وازلە کارهێناوی ئەم وڵاتە بۆ سەر دەسەڵات، گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی ئەم وڵاتەی داوە .

ئەم دەسدرێژییە سەربازییە تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە 13 هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنی دیکە.

 

 

سەرپەیڤ