زەریف گەیشتە ئازەربایجان
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەر لە بەیانی هەینی بە مەبەستی بەشداری لە کۆبوونەوەی "دڵی ئاسیا" گەیشتە باکووی پێتەختی کۆماری ئازەربایجان.
بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ "محەممەد جەواد زەریف" بە بانگهێشتی "ئێلمار مەمەدیارۆڤ" وەزیری دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان سەردانی ئەم وڵاتەی کردووە.
زەریف جگە لەوەی کە لە کۆبوونەوەی "دڵی ئاسیا" بەشداری دەکات و وتار پێشکەش دەکات، لەگەڵ ژمارێک کاربەدەستی بەشدار لەو کۆبوونەوەیەش لەوان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئازەرباتیجان دیدار و تووێژی دەبێ.
کۆبوونەوەی دڵی ئاسیا لە ساڵی ٢٠١١ـەوە هەموو ساڵێ لە یەکێک لە وڵاتانی ناوچەدا بە مەبەستی پەرەسەندنی هاوکاری بۆ یارمەتی دانی چارەسەر کرانی کێشەکان و باشتر بوونی باروودۆخی ئەمنیی ئەفغانستان بەڕێوە دەچێ.
کۆبوونەوەی "دڵی ئاسیا" ئەمڕۆ هەینی بە ئامادەبوونی ١٤ وڵاتی بەشدار (کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەفغانستان، پاکستان، چین، ڕووسیا، هیندستان، کۆماری ئازەربایجان، کازاخستان، قرقیزستان، تاجیکستان، تورکەمەنستان، تورکیا، عەرەبستانی سەعوودی و ئیمارات)، ١٧ وڵاتی پشتیوان و ١٢ ناوەندی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە باکوو بەڕێوە دەچێ.