زەریف: کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی ئێران، "هەڵەیەکی گەمژانەی دیکە" لەلایەن حکومەتی ترەمپەوە بوو
وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: بەڕێوەچوونی دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان لەبارەی ئێران، ریسواییەکی دیکە بوو بۆ حکومەتی ترەمپ.
ئەنجومەنی ئاسایش دوێشەو(هەینی) بە گوشاری ئەمریکا بۆ تاووتوێی ڕووداوەکانی ئەم دواییە لە ئێران، کۆبۆوە.
لەو دانیشتنەدا زۆربەی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش لەهەمبەر ئەمریکادا ڕاوەستان و ڕێگەیان نەدا، واشنگتۆن لەو هەلە بۆ گەیشتن بەئامانجەکانی بۆ وێنە، داکۆکی لەئاژاوەگێڕان لە ئێران، کەڵک وەربگرێ.
"غیرت عمروف" نوێنەری قەزاقستان کە وڵاتەکەی سەرۆکایەتی دەورەیی ئەنجومەنی ئاسایشی لە ئەستۆیە، لەو دانیشتنەدا بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییە لە ئێران هیچ پەیوەندییەکی بە ئاسایشی ناوچەیی یان جیهانییەوە نییە، وتی: لەتوانای ئەنجومەنی ئاسایشدا نییە کە ئەو پرسە تاووتوێ بکات.
بەپێی راپۆری ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ وتەلەفزیۆن، محەممەد جەوادی زەریف سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە پاش ئەو دانیشتنە لەتوئیتەردا نووسی: "ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان هەوڵی بەتاڵی ئەمریکا بۆ زەوت کردنی دەسەڵاتەکانی ڕەت کردەوە. ئەوەش ریسواییەکی سیاسی دیکە لە سیاسەتی دەرەوەیی بۆ حکومەتی ترەمپ".
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ژمارێک لە خەڵک لە چەند شاری ئێران، بەسازدانی گردبوونەوەو دانی دروشمگەلێک، بەنادیاربوونی چارەنووسی کەسانی زیان وێکەوتووی دامەزراوە دراڤییەکان و گرانبوونی نرخی بڕێک کاڵاو شتومەک و لاوازیی چاودێریی دەوڵەت، ناڕەزایەتییان دەربڕی کە ژمارێک لەو کۆڕ و گردبوونەوانەی ناڕەزایەتی دەربڕینانە لە لایەن کەسانی هەلخواز و ئاژاوەچی ، شێواو ئاڵۆزکاو بوو.
بەرپرسانی ئەمریکی و میدیا بیانییەکان بە کەڵک وەرگرتنی ناڕەوا لەو گردبوونەوە جەماوەرییانە هەوڵیان دا، ئەو ناڕەزایەتی دەربڕینانە بەئاراستەی بشێوی و ئاڵۆزکاوی پاڵپێوەنێن.
بەڵام گەلی ئێران لە ڕۆژی چوارشەممەوە بە بەرپاکردنی ڕێپێوانی بەرفراوان و خۆڕسک لە شارە جیاجیاکان، ڕق ونەفرەتی خۆیان لە پیلانی نوێی دوژمنان و هەلخوازیی ئاژاوەچیان بۆ لەناوبردنی سامانە گشتییەکان دەربڕی.