دیداری سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ زەریف
سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەتاران دیدار و وتووێژی کرد.
ڤۆڵکان بۆزکر سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی پەرلەمانی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە لەدیدار لەگەڵ محەممەد جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران وێڕای دەربڕینی ڕەزامەندیی لەئامادەبوون لە کۆماری ئیسلامی ئێران، دووبارە ڕێزی گرت لە هەڵوێستی بنچینەیی ئێران لەشەرمەزارکردنی کودەتا لە تورکیا.
محەممەد جەوادی زەریفیش لەو چاوپێکەوتنەدا بەئاماژە بە پەیوەندییە شیاوەکانی دوو وڵاتی دراوسێ، جەختی کرد لەسەر پەرەی هەرچی زیاتری پەیوەندییەکان لەگشت بوارەکاندا بەتایبەت لەبواری پەرلەمانی.
وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی پەرلەمانی تورکیا هەروەها لەو دیدارەدا لەبارەی پرسە دوو قۆڵییەکان، بابەتە ناوچەییەکان بەتایبەت پرسی سووریا، عێراق، ئەفغانستان، داکۆکی لە درێژەی ڕەوتی ئاستانە، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، فەلەستین و پرسی قودسی پیرۆز وتووێژیان کرد.
سەرۆکی کۆمسیۆنی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی پەرلەمانی تورکیا کە بۆ دیدار و وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانی تارانی کردووە، دوێنێ یەکشەممەش لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی مەجلیس و سەرۆکی گرووپی دۆستایەتیی پەرلەمانیی ئێران و تورکیا لە مەجلیسی ئێران دیدار و جەختی کرد لەسەر پەرەی پەیوەندییە پەرلەمانییەکانی دوو وڵات.