زەریف بەرەو باکۆ کەوتە ڕێ
وەزیری دەرەوەی ئێران لەسەرووی شاندێکی ڕامیاریی و بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی چوارلایەنەی وەزیرانی دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان ئێران تورکیاو گورجستان بەرەو باکۆ کەوتە ڕێ .
محەممەد جەواد زەریف لەم سەفەرە وێڕای بەشداریکردن لەم کۆبوونەوە چوارلایەنەیە، لەگەڵ کاربەدەستانی کۆماری ئازەربایجان دیدار دەکات و سەبارەت بە پەرەی هاوکارییەکانی دوو وڵات وتووێژ دەکات .
حسێن جابری ئەنساری یاریدەری باڵای وەزیری دەرەوە لە کاروباری تایبەتی سیاسی و غوڵامڕەزا باقری موقەدەم بەڕێوەبەری گشتیی ئوراسیای وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە هاورێکانی زەریف لەم سەفەرەن .
ئەلمار محەممەد یارۆف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان بەرلەمە ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی چوارلایەنەی باکو کە بە ئامانجی گەشەی پێوەندی وڵاتانی ئێران، تورکیا، گورجستان و کۆماری ئازەربایجان بەڕێوە دەچێ، دەبێتە هۆی پەرەسەندنی هاوکاری ناوچەیی زۆرتر.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای ئەم سەفەرە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتی دەستەبەر کەری ئاگربەس لە سوریا، سبەینێ شازدەی مارس دەچێ بۆ ئاستانەی پێتەختی قەزاقستان .
لەم کۆبوونەوەیە وەزیرانی دەرەوەی ئێران، ڕوسیا و تورکیا و هەروەها ستفان دیمیستورا نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کاروباری سوریا بەشداری دەکەن .