پێشوازیی ئێران لە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندیی نێوان دوو کۆریا
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە وێڕای پێداگریی لەسەر ئەوەی کە تاران هەردەم خوازیاری نەمانی کێشەو ناکۆکی لەنیمچەدوورگەی کۆریا بووە وتی: ئێران پێشوازیی دەکا لە هەوڵ و هەنگاوی ڕێبەرانی کۆریای باکوورو کۆریای باشوور بەئاراستەی چارەسەریی و نەهێشتنی ناکۆکییەکان و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانیان .
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی مێهر، بەهرام قاسمی وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران دیداری ئەم دواییەی ڕێبەرانی کۆریای باکوور و کۆریای باشووری بەهەنگاوێکی بەرپرسانەو لەئاراستەیەکی شیاودا دەزانێ کە دەتوانێ یارمەتیدەر بێ لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایشی پاوەجێی ناوچەیی و جیهانی.
کیم جونگ ئون ڕێبەری کۆریای باکوور سەرلەبەیانی دوێنێ هەینی لەهەنگاوێکی مێژووییدا لەگەڵ مون جائە ئین، سەرۆک کۆماری کۆریای باشوور لە ئاوایی سنووریی پانمونجوم دیداری کرد.
ڕێبەرانی دوو کۆریا لەو چاوپێکەوتنەدا لەسەر "چەکداماڵینی بەتەواوەتی نیمچەدوورگەی کۆریا" ڕێککەوتن و ڕەزامەندییان دەربڕی، "ڕێککەوتن لەسەر کۆتایی هێنان بە شەڕ بگۆڕدرێ بە پەیمانی ئاشتی و هەرکردەیەکی دوژمنکارانە لەدژ یەکتری لەمەودوا کۆتایی پێ بێنن".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەئاماژە بەوەی کە سیاسەتی بنچینەیی و هەمیشەیی ئێران نەیارەتی لەگەڵ هەرچەشنە بەرهەم هێنان ، هەبوون، ڕاگرتن و کەڵک وەرگرتن لە چەکی کۆکوژە، وتی: ئێران هەردەم لەهەرچەشنە هەوڵدانێک کە ببێتەمایەی پاک بوونەوەی جیهان لەو چەشنە چەکەمەنیانە، داکۆکی دەکات.
قاسمی پێی داگرت؛ بەبڕوای کۆماری ئیسلامی، وەرزی نوێ و مێژوویی نەمانی ناکۆکی لە نیمچە دوورگەی کۆریا، دەبێ هۆشیارانە، بەشێوەی دوو قۆڵی و بێ دەسوەردان و دنەدانی وڵاتانی واوەناوچەیی بەردەوام بکرێ.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها ئاماژەی کردە سیاسەت و ڕەوتی ئەمریکا لەساڵانی ڕابردوو و پێبەندنەبوونی ئەو وڵاتە بە بەڵێنیە نێودەوڵەتییەکانی و وتی: ئەزموونی چل ساڵانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتایبەت ئەزموونی ئەم دواییە لەمەڕ پرسی ڕێککەوتنی ناڤۆکی واپێشان ئەدا کە حکومەتی ئەمریکا، دەورگێڕێکی جێ متمانە نییەو پێبەندی بەڵێنیە نێودەوڵەتییەکانی نییە.