May 09, 2018 21:28 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەکرۆن دا: ئەورووپا دەرفەتێکی بەرتەسکی بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ناڤۆکی ھەیە

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای بە کرێت زانینی ھەنگاوەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە بارەی لادانی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی پێی داگرت:ئەورووپا دەرفەتێکی بەرتەسکی بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ناڤۆکی ھەیە و دەبێ ھەرچی خێراتر ھەڵوێستی ڕوون و لێبڕاوانەی خۆی لە ھەمبەر بەڵێنەکانی لە ھەنگاوی ھاوبەش دا دیاری بکات و ڕایبگەیەنێت.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە پەیوەنییەکی تەلەفۆنیی ئێمانۆئێل مەکرۆنی سەرۆک کۆماری فەرانسا لەگەڵ بەڕێزی دا، تیشکی خستەسەر ئەمەی کە وەزیرانی دەرەوەو تاقمە کارناسییەکانی ئێران و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا دەبێ لەماوەیەکی کورتی چەند حەوتەیی دا بە کۆبوونەوەی چڕوپڕو بەردەوامیان پرسەکانی ھاوپەیوەند بە پاراستنی ڕێککەوتنی ناڤۆکی لێک بدەنەوەو بەبڕیارێکی ڕوون و ئاشکرا بگەن،ئینجا وتیشی: دەبێ بەرژەوەندییەکانی ئێران لە پرس و بابەتە گرینگەکانی ھاوپەیوەند بە ھەنگاوی ھاوبەش وەکوو فرۆشتنی نەوت، پەیوەندیی بانکی ، سەرمایە دانان و بیمە بەڕوونی و ڕاشکاوانە دیاری و دەستەبەر بکرێن.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بە دەربڕینی ئەمەی کە دەبێ بڕیاری کۆمپانیا دەرەوەییەکانی لایەنی بەرامبەری پەیمانەکە و سەرمایەدانەران لە ئێران دا بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ وازھێنانی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە ڕوون و ئاشکرا ڕابگەیەندێت، وتیشی: ئێران و یەکێتیی ئەورووپا ئەگەر لە ماوەیەکی بەرتەسک و دیاری دا بەبڕیارێکی ڕوون بگەن لە بارەی ھەنگاوی ھاوبەشەوە، ئەوسا تەعامولێکی بەربڵاوتر لە نێوان ھەردووک لادا بەدی دەکرێت.

ئێمانۆئێل مەکرۆنی سەرۆک کۆماری فەرانساش لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وێڕای داخ و مەخابن دەربڕینی خۆی لەمەڕ بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشاندنەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی، وتی: وڵاتانی ئەورووپی لە کاردانەوەیەکی بەکۆمەڵ دا ناڕەزامەندیی خۆیانیان لە بارەی ئەم بڕیارەوە ڕاگەیاندووە.

ئێمانۆئێل مەکرۆنی سەرۆک کۆماری فەرانسا بە دەربڕینی ئەمەی کە بڕیارەکەی ترەمپ تەنانەت بووەتە ھۆی سەرھەڵدانی کێشەیەکی گەورە لە ئەمریکاش دا، لە سەر پێویستیی پارێزرانی چوارچێوەو داڕشتی ڕێککەوتنی ناڤۆکی و پێبەند بوونی تەواوی لایەنەکان بە بەڵێنەکانیان پێی داگرت و وتیشی: ئەورووپا بە ڕێک و پێکی بۆ مانەوەو پاراستنی ڕێککەوتنەکە ئەوپەڕی ھەوڵی خۆی بەکار دێنێ.

داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێ شەممە بەکاتی خۆجێیی بە بانگەشەی بێ دەرەنجام بوونی بەرنامەی تۆکمەی ھەنگاوی ھاوبەش (بەرجام) و ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دیکەی دژی ئێران  فەرمانی کشانەوە لە ڕێککەوتننامەی ناڤۆکیی پێنج کۆ یەکی کە لە لایەن ڕێکخراوەی نەتەوەکانیشەوە پەسەند کرا بوو، واژۆ کرد.

ئەو ھەنگاوە یەک لایەنەیەی ئەمریکا لەمەڕ وازھێنان لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لە حاڵێکدایە کە ھەتاکو ئێستا گەلێک لە دەوڵەتانی جیھان بێجگە لە ڕژێمی زایونی و ئالی سەعود پشتگریی خۆیانیان بۆ ئەم ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییە ڕاگەیاندووە.

 

 

 

سەرپەیڤ