قاسمی: دەوڵەتی ئێستای ئەمریکا جێی متمانەپێکردن نییە
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وێڕای ڕەت کردنەوەی هەرچەشنە وتووێژێک لەگەڵ حکومەتی ئێستای ئەمریکا، وتی: حکومەتی ئەو وڵاتە جێی متمانەپێکردن نییە.
بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لە پرێس کۆنفرانسی حەوتانەی لەگەڵ پەیامنێرانی ناوخۆیی و دەرەوەیی لەبارەی شەڕەقسەو دەمەقڕەی نێوان ئێران و ئەمریکاو هەندێ ئیدیعا لەمەڕ دانوستانی دوو وڵات وتی: بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستا بۆ وێنە چوونەدەری یەکلایەنەو نایاسایی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، کردەی دوژمنکارانەو هەوڵدان بۆ گوشارخستنی ئابووری لەسەر خەڵکی ئێران و سەپاندنی ئابلۆقەوبایکۆتی نوێ، هەلومەرج بۆ دانوستان ئامادە نییە.
قاسمی لەبارەی سکاڵای ئێران لە ئەمریکا بۆ دادگای نێودەوڵەتی لاهەش وتی: ئێران بۆ هێنانەدی مافەکانی و سەلماندنی پێبەندبوونی بە بەڵێنیەکان و بەلەبەرچاوگرتنی چوونەدەری نایاسایی و یەکلایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، لەو میکانیزمەو شێوازە یاساییەکانی دیکە کەڵک وەردەگرێ.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی مۆڵەتی ئێران بە ئوروپا بۆ خستنەڕووی هەندێ پێشنیار لەمەڕ چۆنیەتی درێژەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیش وتی: پەیوەندیی هەمیشەیی نێوان ئێران و لایەنە ئوروپییەکان بەردەوامەو گەشبینی گەلێکیش هەیەو لەگشتیاتدا هێماو نیشانەی ئەرێنی بەرچاو دەکەوێ.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەوەڵامدانەوە بە پرسیاری پەیامنێری دەرەوە سنووریی رادیۆ وتەلەفزیۆن لەبارەی دیداری ئەم دواییەی نوێنەری تایبەتی سەرۆک کۆماری فەڕانسە لەگەڵ یاریدەری باڵای وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری تایبەتی سیاسی و ئەوەی کە فەڕانسە دەتوانێ یارمەتیدەر بێ لە چارەسەریی قەیرانی سووریا، وتی: باڵوێزی فەڕانسە لەتاران فەرمانبەرێتییەکەی کۆتایی پێهاتووەو لەم دواییەدا وەک نوێنەری تایبەتی سەرۆک کۆماری فەڕانسە بۆ کاروباری سووریا هەڵبژێردراوە.
وتەبێژی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران لەبارەی گەڵاڵەی"ناتۆی عەرەبی" لەلایەن سەرۆک کۆماری ئەمریکاش وتی: ئەو پرسە، بابەتێکی نوێ نییەو لەڕابردووشدا ژمارێک کۆلێژی ئەندێشە(ئەندێشگە) و دامەزراوەکانی، باسیان کرد، بەڵام ئەمڕۆ ئەو بابەتە بەدەنگێکی بەرزتر دێتەئاراوە.
قاسمی وتی: ناتۆ بەسەرنجدان بە دۆخی زەمانی و بڕێک پێداویستی و تواناو پتانسێل پێکهات بەڵام بەو پرس وبابەتانەی لەمەڕ وڵاتانی عەرەبی وەک ڕاستییە ڕوون و ئاشکراکان لەئارادایە، کەڵک وەرگرتن لە وەها ووشەیەک هەڵەیەو ناکرێ هیچ خاڵێکی وێکچوو لەنێوان ئەو کۆمەڵەدا لەگەڵ وڵاتانی پەیمانی ئەتلەنتیکی باکووری بدۆزرێتەوە.