ئەمیر حاتەمی: خەڵکی وشیاری ئێرانی ئیسلامی ناکەونە داوی سیسیتەمی زاڵێتی خواز
وەزیری بەرەڤانیی ئێران وتی خەڵکی وشیار و ئاگاداری ئێرانی ئیسلامی بە بەسیرەت و دوژمن ناسیی تایبەت بە خۆیان هەرگیز ناکەونە داوی سیستەمی زاڵێتی خواز و پیلانگێڕییەکانی ئەوان.
ئەمیر سەرتیپ" ئەمیر حاتەمی" وەزیری بەرەڤانیی ئێران ڕۆژی سێشەممە لە پازدەهەمین کۆبوونەوەی ناوەندی ئابووریی خۆڕاگرانەی پارێزگای زەنجان، هەڵکەوتوو لە ڕۆژاوای تاران، بە ئاماژە بە پێشکەوتنە بەرچاوەکانی پیشەسازیی بەرەڤانیی ئێران لە ئامادە کردنی هەموو چەشنە چەک، سیستەم و دەسکەوتی گۆڕەپانی بەرەڤانی، وتیشی: بە پشت بەستن بە توانا و بارستای ناوخۆیی دەکرێ پێداویستییەکانی وڵاتەکەمان دابین بکەین.
وەزیری بەرەڤانیی ئێران جەختی کرد: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بواری بەرەڤانیدا هەست بە هیچ چەشنە بەسراوە بوون بە دەرەوەی وڵات ناکات و هەموو پێداویستیی بەرەڤانیی ئێران بە پێشکەوتووترین و مۆدێڕنترین تەکنۆلۆژیا ئامادە دەکرێ و دەخرێتە بەردەستی هێزە چەکدارەکانەوە.
ئەمیر حاتەمی بە ئاماژە بە بەسراوە بوونی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە ئیستیکباری جیهانی پێش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ، وتی: بە پێی ئامار و ڕێژەی درووستی ئەو سەردەمە، ئێران تەنیا دەیتوانی ٣١ کەرەستەی سەربازی بەرهەم بێنێ ئەویش بە بوونی راوێژکارانی سەربازی و بە شێوازێکی تەواو بەسراوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ بە هیمەت و هەوڵێ بێ وچان و ماندوونەناسانەی پسپۆڕانی بەڵێنمەند و لێهاتوو پیشەسازیی بەرەڤانیی ئێران خەریکی بەرهەم هێنانی ٧٥١ چەشنە چەک و کەرەستەی سەربازییە.