دەسپێبوونی دەیەی فەجری شۆڕشی ئیسلامی
ئەمڕۆ هەینی ١٢ی ڕێبەندان بەرامبەر بە ١ی فێڤرییەی ٢٠١٩ دەسپێکی دەیەی پیرۆزی فەجری شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانە.
٤٠ ساڵ لەمەوبەر لە وەها ڕۆژێکدا، دوازدەی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی (١ی فێڤەرییەی ١٩٧٩) حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) بناغەدانەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، پاش پازدە ساڵ دوورخرانەوە لە نیشتمان و زێدی خۆی، لە ئاپۆڕەی پێشوازی پڕ سۆز و خرۆشی جەماوەردا پێ نایەوە سەر خاکی ئێرانی ئیسلامی.
پاش تێپەڕ بوونی ١٠ ڕۆژ لە هاتنی ئەو بەڕێزە بۆ ئێران، ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ (١١ی فێڤرییەی ساڵی ١٩٧٩) شۆڕشی بەشکۆی ئیسلامیی ئێران سەرکەوت.
هەر بەم بۆنەوە لە ١٢ی ڕێبەندانەوە واتە ڕۆژی گەڕانەوەی ئیمام خومەین ی (رە) بۆ ئێران تا بیست و دووی ڕێبەندان کە ڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامییە، بە دەیەی فەجر ناودێڕ کراوە و هەموو ساڵێ جەژن و ڕێ و ڕەسمی تایبەت بە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لەو ڕۆژانەدا بەڕێوە دەچێ.
ڕێ و ڕەسمی فەرمیی دەسپێ بوونی جەژنەکانی دەیەی فەجری شۆڕشی ئیسلامی هاوکات لەگەڵ گەڕانەوەی مێژوویی حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) بۆ ئێران سەر لە بەیانی ئەمڕۆ هەینی بە ئامادە بوونی چین و توێژە جۆربەجۆرەکانی جەماوەر، بنەماڵەی شەهیدان، بەرپرسانی سەربازی و ناسەربازی لە حەرەمی پاکی بناغەدانەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و فڕۆکەخانەی مێهرابادی تاران و هەروەها لە سەرانسەری ئێرانی ئیسلامی بەڕێوە دەچێ.
لەم ڕۆژەدا دەنگی ناقوسی کلێسەکان، هۆڕنی گەمییەکان و شەمەندەفەرەکانیش بۆ دەربڕینی ڕێز بەرامبەر بەم ڕۆژە بەرز دەبێتەوە و جەرەسی شۆڕشی ئیسلامیش لە خوێندنگەکانی سەرانسەری ئێران لێ دەدرێت.