شوبات 03, 2019 09:52 Asia/Tehran
  • سەردار سەلامی: پەرە پێدانی توانای مووشەکیی ئێران خاڵی ڕاوەستانی بۆ نییە

جێگری فەرماندەری گشتیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران شەوی ڕابردوو بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ لە پەرەپێدانی توانای بەرەڤانیی مووشەکیی خۆیدا بەرەوڕووی هیچ لەمپەر و تەگەرەیەکی تەکنیکی و تەکنۆلۆژیایی نابێتەوە، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە پەرە پێدانی توانای مووشەکیی ئێران خاڵی ڕاوەستانی بۆ نییە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ سەردار سەرتیپ پاسدار "حسێن سەلامی" لە بەرنامەی وتووێژی تایبەتی کەناڵی دووی تەلەڤزیۆنی ئێران ڕایگەیاند پەرەپێدانی توانای مووشەکیی بۆ ئێران لە ڕاستیدا هێزێکی سەرەکیی پێشپێگرانە و بەرگریکار دێتە ئەژمار.

جێگری فەرماندەری گشتیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وتیشی ئەم هێزە تەنیا پەیڕەوی ویست و خواستی گەلی ئێران و ئەو سیاسەتە بنەڕەتییانەیە کە لە لایەن ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامییەوە دیاری دەکرێن.

سەردار سەلامی بە ئاماژە بە کەشنانەوەی ئەمدواییەی ئەورووپاییەکان سەبارەت بە بەرنامەی مووشەکیی ئێران وتی: توانای مووشەکیی ئێران بەشێک لە توانای یاسایی بەرەڤانی و دەستەبەرکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە کە لە سەر دۆکتۆرینی پێشپێگرانە دانراوە.

جێگری فەرماندەری گشتیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕاشکاوانە ڕایگەیاند ئەگەر ئەورووپاییەکان یان کەسانی دیکە بیانەوێ بە  پیلانگێڕی هەوڵ بدەن بۆ لاواز کردنی دەسەڵاتی مووشەکیی ئێران، ئێران ناچار دەبێ هەنگاوێکی ستراتژیک هەڵگرێ.

سەردار سەلامی بە پێداگری لەسە ئەوەی کە توانای مووشەکیی ئێران لە خزمەتی ئاسایشی ناوچەکەدایە ڕاسپێری کرد بە ڕۆژاواییەکان کە لە بواری مووشەکیدا هیچ داخواز و چاوەڕوانییەکیان لە ئێران نەبێ.

جێگری فەرماندەری گشتیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە ئاماژە بە خەباتی ئێران دژ بە تیرۆریزم لە ناوچەکەدا وتیشی: ئەگەر ئێران دژ بە تیرۆریستان شەڕی نەکردبایە، ئێستا ئاڵۆزی و ترس و تۆقان هەموو ئەورووپای داگرتبوو.

سەردار سەلامی بە ئاماژە بەوەی کە ئەرووپا دەبێ سپاسبژێری بوونی ئێران لە ناوچە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە لایەن تارانەوە بێ ڕاشیگەیاند: ئەو ڕادە ئاسایشەی کە ئێستا ئەورووپا هەیەتی مەدیونی شکست هێنانی تیرۆریزمی تەکفیری و داعش بە هۆی هەوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوەیە.

سەرپەیڤ