لاریجانی :عەرەبستان وئیمارات توانای زیادکردنی فرۆتنی نەوتیان نییە
سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بە هەوڵی ئەمریکا لەهەڵوەشاندنی بەخشینی ژمارێک وڵات بۆ کڕینی نەوتی ئێران، پێی داگرت: عەرەبستان وئیمارات توانای زیادکردنی فرۆشی نەوتیان نییە.
بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی رادیۆ وتەلەفزیۆنی ئێران، "عەلی لاریجانی" سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران رۆژی شەممە لە چواردەیەمین کۆنگرەی ئەنجومەنی جوگرافیایی ئێران لەتاران وتی: دوژمن پاش درێژنەکردنەوەی لێخۆشبوونی ژمارێک وڵات بۆ کڕینی نەوتی ئێران، هەڵمەتێکی دەروونی وەڕێخستووە.
لاریجانی هەروەها وتی: دوژمن دەزانێ بێتوو ئێران نەوتەکەی نەفرۆشێ، لەمەڕ دابین کردنی وزە گوشار دەخاتە سەر وڵاتان بۆیە ناچار بووە شەڕێکی دەروونی وەڕێبخات.
سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران هەروەها بەئاماژە بەقەیران لە وڵاتانی لیبی و ڤەنزۆئێلا وتی: هەراوهۆریا و سەرکێشیی دوژمنان لە لیبیا و ڤەنزۆئێلا، لەبەر بوونی نەوت لەو وڵاتانەیە.
حکومەتی ئەمریکا بیست و دووی ئاڤریلی٢٠١٩ ڕایگەیاند، لێخۆشبوونە بایکۆتیەکانی دیکەی کڕیارانی نەوتیی ئێران لە دووی مای ئەمساڵەوە درێژ ناکاتەوە.
"مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، عەرەبستان و ئیمارات بەڵێنیان داوە کەمبوونی نەوت لەبازاڕە جیهانییەکان لەبەر ئابلۆقەدرانی ئێران، قەرەبوو بکەنەوە.