وتەبێژی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق: ڕادەستکردنی چەک لە بیر و باوەڕی ئێمەدا نییە
وتەبێژی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەقی عێراق ڕایگەیاند: لە هیچ بارودۆخێک و لە ژێر هیچ فشارێکدا دەستبەرداری چەکەکانمان و بژاردەی خۆڕاگری نابین.
جەواد تەلیباوی وتی: پێویستە هەمووان بزانن ڕادەستکردنی چەک و دەستبەرداربوون لە خۆڕاگری بە هیچ لەونێ لە بیر و بڕوای ئێمەدا بوونی نییە. تەلیباوی وتیشی: خۆڕاگری دۆسییە یان پرسێک نییە کە دانوستانی لەسەر بکرێ، بەڵکو میساقی سەروەرییە و ئەوەی پشتی بەستوووە بە ڕادەستکردنی چەک و دەستبەرداربوونمان لە خۆڕاگری، باش بزانێ کە ئێمە و ئەمینداری گشتیی ئێمەی نەناسیوە. تەلیباوی وتی: ئێمە بەرگریکار و بنیاتنەری وڵاتین، بە دڵ و گیان ئامادەین بەرگری لە نیشتمانمان بکەین و گیانی خۆمان لە پێناویدا بەخت بکەین. عەبدولقادر کەربەلایی، جێگری سەربازی بزووتنەوەی "نوجەبا"ی عێراقیش ڕایگەیاندووە کە ئەم گرووپە چەکدارە بەهەموو شێوەیەک بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی ئەمریکا و بوونی هێزی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق بە پێشێلکردنی ئاشکرای مافی سەروەریی عێراق دەزانێت.