وەزیری دەرەوەی ئێران بەرەو هیند دەکەوێتە ڕێ
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە بەمەبەستی دیدار و وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی هیندستانی بەرەو دێهلی نوێ دەکەوێتەڕێ.
بەپێی ڕاپۆری ئیدارەی گشتیی دیپلۆماسیی میدیایی وەزارەتی دەرەوە، "محەممەد جەواد زەریف" کە بەمەبەستی دیدار و وتووێژ بەرەو تورکەمەنستان کەوتووەتەڕێ، لە عیشقابادەوە بەرەو دێهلی نوێ دەکەوێتەڕێ هەتا لەگەڵ بەرپرسانی هیندستانی لەبارەی پرسە دوو قۆڵییەکان وتووێژ بکات.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لە عیشقاباد لەگەڵ "ڕەشید مەردۆف" وەزیری درەوەو "قوربان قولی بەردی محەممەد ئۆف" سەرۆک کۆماری تورکەمەنستان دیدار و لەبارەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و هاوکارییە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان وتووێژی کرد.
هاوکاری لەمەڕ پرسە ناوچەییەکان بەتایبەت سەبارەت بە ئەفغانستان، بەڕێوەچوونی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ئابوریی دوو وڵات، سەفەری سەرۆک کۆماری تورکەمەنستان بۆ ئێران، هاوکاریی ترانزیتی و ئاسنەڕێی و هاوکاری لەبواری وزەو کارەبا لەوێنەی پرس و بابەتەکانی وتووێژەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران لە عیشقاباد بوو.
هەروەها ئەمڕۆ دانیشتنی هاوبەشی شاندە فەرمییەکانی ئێران وتورکەمەنستان بەسەرۆکایەتی وەزیرانی دەرەوەی دوو وڵات بەتەوەری تاووتوێی گرینگترین پرسە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان تاران و عیشقاباد بەڕێوەچوو.