ئادار 26, 2021 16:57 Asia/Tehran
  • ھاوکاریی ئێران و عێراق لەمەڕ کردنەوەی سنووری «تیلەکۆ»

پارێزگاری کرماشانی ڕۆژئاوای ئێران، باسی ڕاوێژی لەگەڵ کاربەدەستانی عێراقیی کرد بۆ کردنەوەی سنووری «تیلەکۆ».

«ھوشەنگ بازوەند» پارێزگاری کرماشان لە ڕۆژئاوای ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئیرنا، وتی: کاربەدەستانی ناوچەی «گەرمیان»ی عێراق ڕەزامەند بوونە بە کرانەوەی سنووری «تیلەکۆ» لە شارستانی «سەرپێڵی زەھاو»و لە ماوەی ڕۆژانی داھاتوو تاقمێک بە مەبەستی بەدواداچوونی تایبەت بۆ کرانەوەی ئەم بنکەسەرسنوورییە پێک دێت.

دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ٢٠٠٦دا ڕەزامەند بوو بە وەڕێ خرانی چەند بازاڕێکی سەرسنووری لە پارێزگای کرماشان کە «تیلەکۆ» لە شارستانی «سەرپێڵی زەھاو» لەو سنوورانەیە.

پارێزگای کرماشان بە ٣٧١ کیلومەتر سنووری ھاوبەش لەگەڵ دوو ناوچەی کوردو عەرەبی وڵاتی عێراق و ھەبوونی پێنج سنووری فەرمی و بازاڕی چالاک، ھەموو ساڵێک نزیکەی نیوەی تێکڕای  ھەناردەی کەل و پەلی نانەوتیی ئێران ڕەوانەی عێراق دەکات.

شاندێکی سیاسیی ھەرێمی کوردستانیش ساڵی ڕابردووی ٢٠٢٠ بە مەبەستی کردنەوەی سنووری «تیلەکۆ»و ڕاوێژکردن لەم بارەیەوە سەردانی کرماشانی کردو لەگەڵ کاربەدەستانی شارستانی «سەرپێشی زەوھاو» دا دیدارو وتووێژیان کرد.

سەرپەیڤ