داکۆکیی لێبڕاوانەی ئێران لە سووریا
ھاریکاری تایبەتیی سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامی بۆ کاروباری نێونەتەوەیی لە دیداری لەگەڵ باڵوێزی سووریا لە تاران پێی داگرت:ئێران لەسەر داکۆکیی لێبڕاوانەی لە سووریا بەردەوام دەبێت.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیسنا، «حسەین ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» ھاریکاری تایبەتیی سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامی بۆ کاروباری نێونەتەوەیی لە دیدار لەگەڵ «شەفیق دیوب» باڵوێزی سووریا لە تاران وتی: ئەمریکا بە داسەپاندنی بایکۆتی ئابووری، شەڕێکی تیرۆریستیی دژی سووریا لە ڕێگای تیرۆریزمی ئابوورییەوە وەڕێ خستووە.
«حسەین ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» وێڕای ئاماژە کردن بە پەیوەندیی قوڵ و بناغەدار و دۆستانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سووریا وتیشی: سووریا لە ھێڵی پێشەوەی بەرەی خۆڕاگرییەو ئێران بەوپەڕی دەستەڵاتەوە لە تەنیشتی سووریا دەمێنێتەوەو لە سەر داکۆکیی لێبڕاوانەی لە گەل و سەرکردایەتیی سووریا بەردەوام دەبێت.
ھاریکاری تایبەتیی سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامی بۆ کاروباری نێونەتەوەیی تیشکی خستەسەر سیاسەتی نەرێنی و دەستوەردەرانەی ئەمریکا لە ناوچەکەو جیھانیش و وتی: ئێران لەگەڵ ئەمریکا بە کۆماریخوازو دیموکراتەوە دانوستانی کردووە، بەڵام دەستەڵاتدارانی کۆشکی سپی تەنیا دەمامکەکەی خۆیان دەگۆڕن و بە ئاشکرا پەیمان دەشکێنن و خەیانەت دەکەن.
وتیشی: ئەمڕۆ ئەمریکا جارێکی ترباسی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران دەکات، بەڵام دیارە تەنیا ڕێگایەکی لەبەردەم دایەو ئەویش ھەنگاوی کردەییە بە ھەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکان بە تۆکمەوتەواوی.
«شەفیق دیوب» باڵوێزی سووریا لە تارانیش لە دیدارەکەدا وێڕای ئاماژە کردن بە واژۆکرانی بەڵگەنامەی ئاسۆی ئێران و چین وتیشی: ئەم ڕێککەوتنە دەستکەوتێکی گەورەیە و دیارە ھاوسەنگیی دەستەڵات دەگۆڕێت.
باڵوێزی سووریا لە تاران ستایشی داکۆکیی ھەمەلایەنەی ئێران لە جەماوەرو دەوڵەتی سووریای کردو پێی داگرت:پشتگریی دەوڵەت، جەماوەرو ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە بیرگەی مێژوویی خەڵکی سووریادا بۆ ھەتاھەتایە دەمێنێتەوەو شانازیی پێوە دەکەین.