ته‌مووز 29, 2021 07:37 Asia/Tehran
  • قۆناغەکانی کۆتایی یەکلا بوونەوەی پێڕستی کابینەکەی سەرۆک کۆماری ھەڵبژاردەی ئێران

سەرۆک کۆماری ھەڵبژاردەی ئێران، ڕاستەوخۆ لەگەڵ بژاردە ئەوبەرەکاندا بۆ ئەندامەتی لە کابینەی دەوڵەتی سیانزەھەم وتووێژی کردووەو سەرەنجام دوابڕیاری خۆشی دەدات.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ئێران پرێس، لە درێژەی ڕەوتی ھەڵبژاردنی ئەندامانی کابینەی دەوڵەتی سیانزەھەم، چالاکیی کارگروپە پسپۆڕییەکان لە قۆناغەکانی کۆتایی نزیک بووەتەوەو «سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» سەرۆک کۆماری ھەڵبژلردەی ئێران لە بارەی دوایین بڕیارەوە ھەنگاوی پێویست ھەڵدەگرێت.

ئەم کارگروپانە دوای لێکدانەوەی وردو ھەڵسەنگاندنی کارناسانەی توانایی بەڕێوەبەرایەتی و شیاوەتییە پسپۆڕییەکانی کەسانی پێشنیار کراو، ھەڵسەنگاندنی بەرنامەی ھەرکامەیان، لێکۆڵینەوە لە خاوەنڕایانی شیاوو ھەروەھا ئەنجام دانی وتووێژ، بەم زووانە پێڕستی کەسانی پێشنیار کراو بۆ ھەر پۆستێک ئارایتەی نووسینگەی سەرۆک کۆماری ھەڵبژاردە دەکەن.

بەم پێیە پێش بینی دەکرێت کە پێڕستی ئەندامانی دەوڵەتی تازە بەرلە کۆتایی ھاتنی مۆڵەتی دیاری کراو یەکلایی بێتەوە.

ئاھەنگی سوێند خواردنی سەرۆک کۆماری ھەڵبژاردەی ئێران ١٤ی گەلاوێژ لە مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران بەڕێوە دەچێت.

سەرپەیڤ