پارێزگای کوردستان دەبێتە مەکۆو جەمسەری پێزانین و چارەسەریی شێرپەنجە لە ڕۆژئاوای ئێران
یاریدەری بەشی چارەسەریی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگای کوردستان وێڕای ئاماژە کردن بە تایبەت درانی دەزگایەکی «پەت سی تی» بۆ پێزانینی خێرای ھەموو جۆرە شێرپەنجەیەک بەم پارێزگایە، وتیشی: بە دانرانی ئەم دەزگایە پارێزگای کوردستان بە ناوەندایەتیی شاری سنە، دەبێتە مەکۆو جەمسەری پێزانین و چارەسەریی شێرپەنجە لە ڕۆژئاوای ئێران.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، دکتۆر «سدیق جەدیدولئیسلامی» ڕۆژی شەممە لە وتووێژێکی ھەواڵی دا ڕایگەیاند: ئەو دەزگایەی لە لایەن زانکۆکەمانەوە کڕدراوە، پێشکەوتەترین دەزگای وێنەھەڵگرتنە لە بواری پێزانین و ناس کردنی دەستبەجێی توشبووانی ھەموو جۆرە «کانسەر»ێک کە لە نەخۆشخانەی «کەوسەر»ی سنەدا دادەنرێت.
یاریدەری بەشی چارەسەریی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگای کوردستان وتیشی: بە دانرانی ئەم دەزگایە کەرتی موتوربە کردنی مۆخی ئیسقانیش لە کەرتەکانی دیکەی ئەم نەخۆشخانەیە زیاد دەکرێت و سنە دەبێتە مەکۆو جەمسەری پێزانین و چارەسەریی شێرپەنجە لە ڕۆژئاوای ئێران.
دکتۆر «سدیق جەدیدولئیسلامی» جەختی لەوەش کردەوە کە، ھەتا بەرلەمە نەخۆشەکانی ئەم پارێزگایە بۆ کەڵک وەرگرتن لەم دەزگایەو پێزانینی دەستبەجێی نەخۆشییەکەیان دەبا سەردانی شارەکانی دیکەیان کردبا، بەڵام لە ئێستادا ئەم دەزگایە بۆ ئەرخەیانیی شارومەندان کڕدراوەو لە نەخۆشخانەی «کەوسەر»ی سنەدا وەکو مەکۆیەکی چارەسەریی ڕۆژئاوای وڵات دادەنرێت.
دەزگای «پەت سی تی» لە ئێستادا بەس لە پێنج شاری ئێران واتە تارانی پێتەخت، کەرەج، مەشھەد، تەورێزو شیرازدا خراوەتە گەڕو لە ئەمڕۆوە پارێزگای کوردستانیش بە ناوەندایەتیی شاری سنە بەم دەزگایەوە تەیار دەکرێت.