کانونی یه‌که‌م 29, 2021 21:51 Asia/Tehran
  • وەزارەتی دەرەوەی ئێران : کۆماری ئیسلامیی ئێران پێکەران و بکەرانی تیرۆری سەردار سولەیمانی پەلکێشی بەردەم دادگە دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێران پێکەران و بکەرانی تیرۆری سەردار «قاسم سولەیمانی» پەلکێشی بەردەم دادگە دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە سەروبەندی دووھەمین ساڵگەڕی شەھید بوونی سەردار «قاسم سولەیمانی» سەرکردەی لقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە ھەژماری توییتێرەکەی دا وێڕای بڵاو کردنەوەی گرتەیەک ڕایگەیاند: تیرۆری سەردار سولەیمانی بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆک کۆماری ئەمریکا نمونەی بەرچاوو زەقی تیرۆریزمە.

«سەعید خەتیب زادە» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ڕۆژی دووشەممە لە پرێس کۆنفرانسێکی حەوتانەدا لەگەڵ پەیامنێران، وێڕای شی کردنەوەی ئەو ھەنگاوانەی دوابەدوای تیرۆری سەردار سولەیمانی ھەڵگیراون، وتی: ھێرشی تیرۆریستی بۆ سەر کەسێک کە لە ھێڵی پێشەوەی خەباتی دژی تیرۆریزم بوو  پێوەرێکی دووفاقانەو نیشانەیەکی دیکەی بانگەشەو درۆو دەلەسەکانی بانگەشەکەرانی خەباتی دژی تیرۆریزم دێتە ئەژمار.

سەرداری سپەھبۆد «قاسم سولەیمانی» فەرماندەی لقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی کە سەرلەبەیانیی ڕۆژی ھەینی سێھەمی ژانویەی ٢٠٢٠ بە پێی بانگێشتنی فەرمیی کاربەدەستانی عێراقی سەردانی ئەو وڵاتەی کرد بوو، ھاوڕێ لەگەڵ «ئەبو مەھدی موھەندیس» جێگری سەرکردەی حەشدی شەعبیی عێراق و ھەشت کەسی دیکە لە ھێرشی ئاسمانیی ھێزە دەست درێژکارو تیرۆریستەکانی ئەمریکی لە نزیک فڕگەی بەغدای پێتەختی عێراق شەھید کران.

سەرپەیڤ