کانونی دوھەم 06, 2022 14:04 Asia/Tehran
  • شەوی ماڵئاوایی لە شەھیدانی ون لە تاران و پارێزگاکانی دیکەی سەرتاسەری ئێران

ھاوکات لەگەڵ شەوانی شینگێڕان بۆ حەزرەتی فاتیمەی زەھڕا(س) و حەوتەی خۆڕاگری و دووھەمین ساڵگەڕی شەھید بوونی سەرداری سپەھبۆد «قاسم سولەیمانی» فەرماندەری پێشووی لقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، نەریتی ماڵئاوایی لەگەڵ تەرمی پاکی ٢٥٠ شەھیدی ونی سەردەمی بەرەڤانیی پیرۆز لە نوێژگەی گەورەی ئیمام خومەینی(رە) لە تاران و ھەروەھا ٢٤ پارێزگای سەرتاسەری ئێرانی ئیسلامی بەرپا کرا.

جەماوەری شەھیدپەروەری ئێران و ھۆگرانی بنەماڵەی عیسمەت و تەھارات ھاوکات لەگەڵ شەوانی شینگێڕان بۆ حەزرەتی فاتیمەی زەھڕا(س) لەگەڵ تەرمی پاکی شەھیدانی ونی ھەشت ساڵ بەرەڤانیی پیرۆز ماڵئاوییان کرد.

لە تارانی پێتەخت دا کۆمەڵێک لە شارومەندانی تارانی بە چاوێکی فرمێسکاوییەوە بە بەرپا کردنی نەریتێکی شینگێڕان لەگەڵ تەرمی شەھیدان ماڵئاوایییان کردو کۆمەڵێک لە بەشدارانی نەریتەکەش لە تەنیشتی تەرمی شەھیدان دا نوێژیان کردو قورئانیان خوێندەوە.

زۆرێک لە خەڵک بە تایبەت ئافرەتانی تازیەدار کە لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا بەشداریی نەریتەکەیان کرد بوو، باقەگوڵیان لە سەر دارەمەیتی شەھیدەکان داناو فرمێسکی ماتەمینییان بۆ ھەڵوەراند.

ھەر لەم پەیوەندیەدا ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەییش بە بۆنەی گەڕانەوەو بەڕێ کرانی تەرمی ئەم ٢٥٠ شەھیدە ونەی سەردەمی بەرەڤانیی پیرۆز بۆ نیشتیمانی ئیسلامی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: سڵاو لە شەھیدانی ون، ون بوو لە نێو خاک نشینان و ناودار لە نێو ئەفلاک نشینان، ئەو فیداکارانەی کە دوای تێپەڕینی ساڵانێکی دوورودرێژ لە چرکەساتی شەھید بوونیان، ئەمێستا ئێرانی ئیسلامییان بە بەرامەی مەعنەوییەت و جیھاد بۆنخۆش کردووەو ئاڵای شانازیی خوێنەڕژاوەکانی پێناوی ئیسلام و قورئان زیاتر لە جاران دەشەکێننەوە.

ڕێ و ڕەسمی شکۆمەندی بەڕێ کردنی تەرمی ٢٥٠ شەھیدی ونی سەردەمی بەرەڤانیی پیرۆز ئەمڕۆ پێنج شەممە لە سەرتاسەری ئێرانی ئیسلامی بەرپا کرا.

سەرپەیڤ