کانونی دوھەم 20, 2023 20:48 Asia/Tehran
  • بەیاننامەی وەزارەتی ئیتیلاعاتی ئێران سەبارەت بە کاردانەوەی مارەنگازانەو شێتانەی بەریتانیا بەرامبەر بە جێبەجێکرانی بڕیاری لەسێدارەدانی «عەلیرەزا ئەکبەری»

بەیاننامەی ڕوونکەرەوەی وەزارەتی ئیتیلاعاتی ئێران سەبارەت بە کاردانەوەی مارەنگازانەو شێتانەی بەریتانیا بەرامبەر بە جێبەجێکرانی بڕیاری لەسێدارەدانی یەکێک لە گرنگترین فەرمانبەرانی کنەکردووی بیانی بڵاوکرایەوە.

لە بەیاننامەی ڕوونکەرەوەی وەزارەتی ئیتیلاعاتی ئێران دا هاتووە، دوابەدوای سەرکەوتنی هێزە ئەمنییەکان لە ناس کردن و گرتنی  یەکێک لە گرنگترین سیخوڕو فەرمانبەرە کاریگەرەکانی ڕژێمی بەریتانیای چەپەڵ و دواتر دادگاییکردن و جێبەجێکردنی سزا یاساییەکەی لە دەزگای دادوەریدا، کاردانەوەی مارەنگازانەو شێتانەی حکومەتی بەریتانیا بەدی دەکەین.

بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی ئیتیلاعاتی ئێران ، لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە ئەم کاردانەوە ھەوسارپچڕاوو نائاساییەی کاربەدەستانی بەریتانیا بۆ هۆکارێکی ڕوون دەگەڕێتەوە کە لای شارەزایانی بواری سیاسی و ئاسایشتی شاراوە نییە.

وەزارەتی ئیتلاعات لە ڕاگەیەندنەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە، بەم زەبرە قورسە، ناوبانگ و وەجمەندیی بانگەشە بۆکراوی کۆنترین دەزگای سیخوڕی لەلای بیروڕای گشتی و دەزگا هەواڵگرییەکانی جیهان و بۆ سیخوڕەکانی دیکەی ئەو دەزگا ھەواڵگرییە؛ بە جارێک داڕما و بووەتە هۆی چەلنچێکی گەورەو بنەمایی لە ئامانج و دڵخۆشکردنی ئەفسەرانی هەواڵگری و سیخوڕەکانیان.

لە درێژەی ئەم بەیاننامەیەدا باس لەوە کراوە کە شکۆی سیستەمی هەواڵگریی بەریتانیا و بازنەی ھێمنایەتی و بە سەلامەت مانەوەی سیخوڕەکانی شکاوە و ئەفسەرانی هەواڵگریی ئەو ڕێکخراوەیە ڕووبەڕووی ئەو گرفتە بوونەتەوە کە لە ئێستادا چلۆن ناوبانگ و متمانەیان بۆ دەست و پێوەندەکانیان بگەڕێننەوە .

لە درێژەی بەیاننامەکەدا وەزارەتی ئیتیلاعات دا ئەوەش ڕوون کراوەتەوە کە، ئەم سەرکەوتنە هێندە ناوازەو دەگمەن و بێ وێنەیە کە بووەتە هۆی سەرسوڕمانی شارەزایانی هەواڵگری و بلیمەتانی بواری هەواڵگری و لەم ماوە کورتەی بڵاوبوونەوەی ھەواڵەکە لە  میدیاکانەوە ، داواکاریی جۆربەجۆرمان لە بارەی چۆنیەتیی سەرکەوتنەکەو شی کردنەوەی ئەزمونی ئەم دۆسیەیە لە لایەن هەندێک دەزگای هەواڵگرییەوە پێ گەییشتووە.

لە بەیاننامەکەدا وەزارەتی ئیتیلاعاتی ئێران دا ھاتووە: فرمێسکی تیمساحی ڕۆژئاواییەکان بۆ «ئەکبەری» لەو هەلومەرجێکدایە کە دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران بەردەوام ئامانجی هێرشی میدیایی و هەواڵگریی وڵاتانی ڕۆژئاوا بوونە.

سەرپەیڤ