کەنعانی: سپای پاسداران هێزێکی گەورەیە بۆ بەرگری لە ئاسایشی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی ئێران
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی داگرت: سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی هێزێکی گەورەیە بۆ بەرگری لە ئاسایشی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی ئێران.
«ناسر کەنعانی» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوێنێ دووشەممە لە پرێس کۆنفرانسی حەوتانەی خۆیدا لەبارەی چوونەدەری ئێران لە پەیمانی قەدەغەی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی «ئین پی تی» و بڕیارنامەکەی پەرلەمانی ئەورووپا دژ بە سپا وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم کردەوەیە بە نابەرپرسانە و نائاوەزمەندانە دەزانێ و ئیدانەی دەکات و بە ڕەت کراوی دێنێتە ئەژمار، لەبەر ئەوەی کە بە تیرۆریست ناساندنی ناوەندێکی حکومیی وڵاتێک لە هیچ یاسا و پرەنسیپێکی نێودەوڵەتیدا ناگونجێ و لە ڕوانگەی مافی نیودەوڵەتی و جارنامەی ڕێکخراوی نەتەوەکانیشەوە دژ بە بنەما و پرەنسیپە مافەوانییەکانە.
کەنعانی جەختیشی کرد: ئەگەر ئاسایشێک لەو ئەورووپایەدا هەیە کە پێشتر دەکەوتە بەر پەلاماری تیرۆریستانی داعش زەبر و زیانەکانی بەرۆکی گەلانی ئورووپای دەگرت، ئەوا ئاسایشی ئێستایان قەرزداری خەباتی هەمەلایەنەی سپا دژ بە هێزە تیرۆریستییەکانە و دەوری بەرچاوی سپا لە چەسپاندنی ئاسایش لە سووریا ، عێراق و تیاچوونی داعش ڕوون و ئاشکرایە.