شوبات 17, 2023 23:14 Asia/Tehran
  • ئیمام جومعەی مەهاباد: خەڵک هیچ خەمساردیەکیان لە پشتیوانی کردنی حکومەتی ئیسلامی نەنواند

ئیمام جومعەی مەهاباد وتی: خەڵک بە بەشداری کردنیان لە ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەندان هیچ خەمساردیەکیان لە پشتیوانی کردنی کۆماری ئیسلامیدا نەنواندو ئەمڕۆ نۆرەی بەرپرسانە کە ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و باشترکردنی بارودۆخی کۆمەڵگا بدەن.

بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری ئیرنا، مامۆستا «عەبدوسەلام ئیمامی» لە وتاری نوێژی هەینیی ئەم حەوتەیەی مەھاباددا وێڕای بەرز نرخاندنی ئامادەبوونی شایستەی گروپە جیاوازەکانی خەڵک لە ڕێپێوانی ٢٢ ڕێبەندان، وتیشی: ئەم گەلە لە هەر شوێنێک و لە هەر کاتێکدا کە پێویست بووە، بەبێ بانگهێشت و منەت لەسەر دانان بۆ پشتیوانی لە حکومەتی ئیسلامی هاتووەتە مەیدانەوە.

ناوبراو لەدرێژەی قسەکانیدا وتی:ئەمڕۆش وا ھەڵدەگرێ کە کاربەدەستان بەرپرسان لەگۆڕەپانی چارەسەرکردنی کێشە و نیگەرانییەکانی خەڵک بە شێوەیەکی جیهادی ئامادەبن و ئەرکی خۆیان بەرامبەر بە ئەندامانی کۆمەڵگا بەجێ بێنن.

ئیمام جومعەی مەهاباد وێڕای ستایش کردنی کردەوەی تەگبیرمەندانەی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لەمەڕخۆشبوون لەو کەسانەی کە لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەدا فریودراون، وتیشی: سوپاسی هەوڵی هەموو بەرپرسانی ئەم شارە دەکەین کە بە نیازپاکییەوە بەدواداچوونیان بۆ دۆسیەی تۆمەتبارانی ڕووداوەکانی ئەم دواییە کردو مەرجی ئازادکرانی گەنجانیان دابینکردو هیوادارین مەرجی ئازادکردنی ئەوانەش ماونەتەوە فەراھەم بکرێت ھەتا بگەڕێنەوە بۆ باوەشی بنەماڵەکانیان.

ماموستا ئیمامی هەروەها پیرۆزبایی هاتنی جێژنی میعراج ھەڵبژێردرانی پێغەمبەری سەردار(ص)یشی پیرۆزکردو وتیشی: پێغەمبەر هێمای یەکڕیزییە لە نێوان موسڵمانان و کاریگەرترین کەسی جیهانە کە ژیانی دنیاو دواڕۆژدا بۆ ئۆممەت و شوێنکەوتووانی خۆی داوای لێبوردن و خۆشبوون دەکات و لە خوداوەندی تاقانە بۆ بەندەکانی داوای پلەی «میعراج» دەکات کە باڵاترین پلەیە بۆ مرۆڤ.

بەڕێزی بە ئاماژەدان بە بوومەلەرزەکەی ئەم دواییە لە ناوچەکانی باکووری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و هەروەها وڵاتانی تورکیا و سووریا، وتیشی: هاوخەمی و سۆزداریی قوڵی خۆمان بۆ خەڵکی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان دەردەبڕین و لە خودای مەزن بۆ گیان لە دەست داوان داوای لێخۆشبوون و بۆ کۆست کەوتووانیش داوای تاقەت و پشوودرێژی دەکەین.

مامۆستا ئیمامی جەختی لەوەش کردەوە: ئەم ڕووداوە وانەیەکە بۆ مرۆڤەکان کە هەموو موڵک و پێگەیەکی دونیا لە ساتێکدا بە ئیرادەی پەروەردگار لەناو دەچن، بۆیە پێویستە مرۆڤ تا دەتوانێت موڵک و پێگەی خۆی بەکاربهێنێت بۆ ڕازیکردنی خودا و خزمەتکردنی هاو چەشنەکانی لەو ماڵ و داراییەی کە خودا پێی داوە.

سەرپەیڤ