کەنعانی چافی: پەیوەندییە سەربازی و بەرگرییەکانی ئێران و ڕووسیا دژی هیچ وڵاتێکی سێهەم نییە
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پەیوەندییە سەربازی و بەرگرییەکانی ئێران و ڕووسیای لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی هاوبەشی دوو وڵات ڕاگەیاند و وتی: پەیوەندییەکانی تاران و مۆسکۆ دژی هیچ وڵاتێکی سێهەم نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس ڕۆژی هەینی، «ناسر کەنعانی چافی» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران،ئاماژەی بەوەش کرد کە پێوەندییە سەربازی و بەرگرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕووسیا لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو وڵات دایەو وتیشی: پەیوەندی و ھاوکارییە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕووسیا دەگەڕێتەوە بۆ پێش سەرھەڵدانی قەیرانی سەربازی لە ئۆکرانیا.
«کەنعانی چافی» وێڕای ئاماژە کردن بەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران جەخت لەسەر چارەسەریی سیاسیی قەیرانی ئۆکرانیا دەکاتەوە وتیشی: تۆمەتی لایەنە ڕۆژئاواییەکان لە دژی ئێران سەبارەت بە قەیرانی ئۆکرانیا پاڵنەری سیاسی هەیە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها بە ئاماژەدان بەوەی کە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا لەسەر بنەمای ڕوانگەی سیاسیی سەرکردەکانی باڵای دوو وڵات ھەڵچنراوە، وتیشی: هاوکارییەکانی نێوان دوو وڵات بە پشتبەستن بە بەرژەوەندیی هاوبەشی ھەردووک نەتەوەکە لە بواری ئابووری، بازرگانی،پیشەسازی،وزە و بوارەکانی گواستنەوەو بانکی و دارایی بەرەو فراوانبوون دەچێت.
«کەنعانی چافی»لە پێوەندی لەگەڵ قەیرانی سوریا،بە ئاماژەدان بە پچڕانی پەیوەندییەکانی نێوان هەندێک وڵات وتی: لەگەڵ گۆڕانی هەلومەرجی سوریاو سەلماندنی سەقامگیری و دامەزرانی سیستمی سیاسی لەم وڵاتەدا، ئێمە پێکهاتنی ڕەوتێکی بەشێنەیی بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانی ئەم وڵاتانە لەگەڵ سوریا بەدی دەکەین.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕاشیگەیاند؛لە بواری سیاسیشدا کۆماری ئیسلامیی ئێران هانی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان بەرپرسانی باڵای سوریا و تورکیا دەدات.
«کەنعانی چافی»هەروەها باسی گەشتی «حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ڕووسیای کرد لە داھاتوویەکی نزیکدا.