May 03, 2023 11:21 Asia/Tehran
  • ئامادە بوونی بنەماڵەی شەھیدانی بەرگریکاری گڵکۆ پیرۆزەکان لە ڕێ و ڕەسمی بەڕێ کردنی سەرۆک کۆمار بۆ سووریا

کۆمەڵێک لە بنەماڵەی شەھیدانی بەرگریکاری گڵکۆ پیرۆزەکان کە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی تەکفیری لە سوریا شەهید کراون، بەیانیی ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمی بەڕێ کردنی سەرۆک کۆمار بۆ دیمەشق لە فڕۆکەخانەی میهرئابادی تاران بەشدارییان کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی ئیرنا، «ئایەتۆڵڵا سەیید ئیبراهیم رەئیسی» بەیانی ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتیی شاندێکدی سیاسی و ئابووری و بە ھاوڕێیەتیی کۆمەڵێک چالاکوانی ئابووری و بازرگانی، وەک وەڵامێک بۆ بانگهێشتنە فەرمییەکەی «بەشار ئەسەد»ی سەرۆک کۆماری سوریا بەرەو دیمەشق وەڕێ کەوت.

پێش ڕۆشتنی سەرۆک کۆمار، «محەممەد موخبیر» جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار، حوججەتۆلئیسلام وەلموسلمین «موحسین قومی» جێگری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی نووسینگەی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی و کۆمەڵێک لە ئەندامانی کۆڕی دەوڵەت و ھەروەھا ژمارێک لە ئەندامانی بنەماڵەی شەهیدانی بەرگریکاری گڵکۆ پیرۆزەکان کە بانگهێشتی نەریتەکە کرابوون، لە فڕۆکەخانەی میهرئاباد سەرۆک کۆمارو شاندەکەی ھاوڕێیان بەرەو دیمەشق بەڕێ کرد.

Image Caption

ئایەتوڵڵا ڕەئیسی لە نەریتەکەدا ڕێزی لە منداڵەکانی شەهیدان گرت و لە کورتە وتارێکیدا وتی: دەتوانین ئەو ئاڵایەی کە شەهیدان بەرزیان کردووەتەوە بە شەکاوەیی بهێڵینەوەو سڵاوی ئێوەش بە حەزرەتی زەینەب (س) دەگەیەنین.

سەرۆک کۆمار باسی  ئازایەتیی ئەم شەهیدانە و ڕۆڵی کاریگەری شەهیدان لە سەرکەوتنی بەرەی خۆڕاگریی بەرز نرخاند.

«حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری کاروباری دەرەوە، «میهرداد بەزرپاش» وەزیری ڕێگاوبان و شارسازی و سەرۆکی لێژنەی ھاوبەشی ھاوکارییە ئابوورییەکانی ئێران و سووریا، «جەواد ئەوجی» وەزیری نەوت،  ئەمیر «محەممەد ڕەزا ئاشتیانی» وەزیری بەرگری و پشتیوانیی ھێزە چەکدارەکان،  «عیسا زارع پوور» وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنۆلۆژیای زانیارییەکان، «غوڵام حسێن ئیسماعیلی» سەرۆکی نووسینگە و «محەمەد جەمشیدی» جێگری کاروباری سیاسیی نووسینگەی سەرۆک کۆمارو ھەروەھا کۆمەڵێک لە بازرگانان و ھەڵسوڕاوانی ئابووریی کەرتی تایبەتی لەم گەشتەدا یاوەری ئایەتوڵڵا «سەیید ئیبراھیم ڕەئیسی»ـن.

سەرۆک کۆمارو شاندەکەی هاوڕێی لەم گەشتە دوو ڕۆژەیەی بۆ سووریا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتە سەبارەت بە ستراتیژیای بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسییەکان و فراوانکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاریی ئابووری و بازرگانیی نێوان ھەردووک لا ڕاوێژ دەکەن.

جگە لەمەش سەرۆک کۆمار بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی بازرگانانی ئێرانی -سوری دەکات و لە بواری ئابووریدا بیروڕا دەگۆڕێتەوە.

کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێرانییەکانی دانیشتووی سووریاو زیارەتکردنی پیرۆزگەکانی ئەو وڵاتەش پلانگەلی دیکەن لە سەردانەکەی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بۆ سوریا.

سەرپەیڤ