ڕابەری شۆڕش: ئیمام (رە) لە پێشەنگەکانی مێژووی ئێمەیە، پێشەنگەکانیش نە دەسڕدرێنەوەو نە چەواشە دەکرێن
ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی وێڕای ڕوونکردنەوەی تایبەتمەندی و ڕەهەندە فرەڕەهەندییەکانی کەسایەتیی ئیمام خومەینی (رە)، وتی: کەس ناتوانێت ئیمام (رە) لە یادەوەریی مێژوو بسڕێتەوەو یان کەسایەتییەکەی بشێوێنێت و چەواشەی بکات. لەوانەیە ماوەیەک لە بارەیەوە درۆ و دەلەسە بکرێت، بەڵام بۆ هەمیشە نا.
بە پێی ڕاپۆرتی پەیامنێری سیاسیی ئیرنا، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ڕۆژی یەکشەممە لە ڕێوڕەسمی سی و چوارەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ئیمام خومەینی (رە) بە دەربڕینی ئەمەی کە ئیمامی بەڕێز (رە) ئاڵای ھەڵکراوی ڕیسالەتە ئیلاهییەکان لە سەردەمیی نەزانیی زاڵ بوو بە سەر سەدەکانی ئەم دواییە بوو، وتیشی: ئەوە بۆ سی و چەند ساڵ دەڕوات کە ئەم کۆبوونەوە شکۆمەندو پیرۆزە پێک دێت. تەوەرەی باسەکەمان لە کۆبوونەوانەو لە تەواوی ئەم ساڵانە بە گشتیی ئیمامی مەزن بووە. نەوە نوێیەکانی ئەم وڵاتە پێویستیان بەوەیە زیاتر لەبارەی ئیمامی گەورە بزانن و بەرەی کۆنیش هەروا. ھەر هەموومان پێویستە زیاتر لەبارەی ڕەهەندەکانی ئەم کەسایەتییە فرەڕەهەندە بزانین.
ڕابەری بەتەگبیری شۆڕشی ئیسلامی وتیشی: خاڵی یەکەم سەبارەت بە ئیمامی بەڕێز (رە) ئەوەیە کە لە پێشەنگەکانی مێژووی ئێمە بوون نەک ھەر لە پێشەنگەکانی سەردەمی ئێمە. پێشەنگەکانیش ئەوانەن وا لە هەر بوارێک لە بەشێک لە بەشەکانی مەعاریفی و پەروەردەیی و پراکتیکیی مرۆڤ؛ مەزن و شکۆمەندن و ئینجا لەنێو مرۆڤە شکۆمەندو مەزنەکانیش دا ئەوانەی وا ھێندێک لەوانی دیکە بەرزترو دیارترن پێشەنگیان پێ دەوترێت.
ئایەتوڵڵا خامنەیی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەندێک تەنیا پێشەنگی سەردەمی خۆیان نین، بەڵکو پێشەنگی مێژووشن. پێشەنگەکانیش لە یادەوەریی مێژوودا دەسڕدرێنەوە، نە چەواشەش دەکرێن.
وتیشی : پێشەنگەکان نەک ئەوەی کە پڕوپاگەندەی ناحەزان نەتوانێت سیمایان چەواشە بکات و بە نەرێنی بینوێنێت، با، میدیاکانی پڕوپاگەندە کە ڕۆژ وەک شەو و شەو وەک ڕۆژ دەنوێنن و ڕۆژ بە ڕۆژیش تەیاتر دەبن، ئاوا کارێکیان پێ دەکرێت، بەڵام ئەمانە بڵقی سەرئاون، خۆریش بۆ ھەتا ھەتایە لەژێر هەوردا نامێنێتەوە.
ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی وتیشی: ئیبنی سینا و شێخ توسی دوای هەزار ساڵ لە سەردەمی خۆیان هێشتا دەتوانن خۆیان بناسێنن. بەڵام ڕەهەندەکانی کەسایەتیی حەزرەتی ئیمام (رە) لە ئیبن سیناو شێخی توسی فراوانترو هەمەچەشنترن. ئەو تایبەتمەندیانەی کە کاریگەرییان لەسەر دروستبوونی کەسایەتیی ئیمام (رە) زۆر زیاترە لەو تایبەتمەندیانەی کە لە کەسایەتی ئەو کەسانەدا ھەبوون.
ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ڕوونیشی کردەوە: ئیمام خومەینی (رە) لە زانستی ئایینیدا پێشەنگە. لە فیقھ و فەلسەفە و عیرفانی تیۆرێک دا پێشەنگە؛ ئیمام لە ئیمان و تەقواو ھەڵس و کەوتی پارێزکارانەدا پێشەنگە؛ ئیمام (رە) لە ڕووی ھێزمەند کردنی کەسایەتیی خۆی و ئیرادە و ڕاپەڕین لە پێناوی خوداو سیاسەتی ئیلاهییانەو دروستکردنی گۆڕانکاری لە سیستەمی مرۆڤایەتیدا پێشەنگە؛ ئەم تایبەتمەندیانە لە هیچکام لە پێشەنگەکانی مێژووی ئێمەدا کۆ نەکراونەتەوە، بەڵکو لە ئیمام (رە) کۆکراونەتەوە.
ئایەتوڵڵا خامنەیی جەختی لەوەش کردەوە کە: بەم پێیە هیچ کەسێک ناتوانێت ئیمام (رە) لە یادەوەریی مێژوودا بسڕێتەوە یان کەسایەتییەکەی بشێوێنێت. لەوانەیە ماوەیەک لە بارەیەوە درۆ و دەلەسە بکرێت، بەڵام بۆ هەمیشە ناکرێت.
ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی وتیشی: خاڵی دواتر ئەوەیە کە ئیمامی بەڕێز سێ کردەی گەورە و گەورە و مێژوویی و سێ گۆڕانکاریی بەربڵاوی لە ئاستی وڵاتی ئێران و ئوممەتی ئیسلامی و جیهاندا بەدیی ھێنا. ئەم سێ گۆڕانکارییەش لە مێژوودا پێشینەیان نەبووە.
بەڕێزی وتیشی: گۆڕانکاری لەسەر ئاستی وڵات ئەوە بوو کە شۆڕشی ئیسلامیی هێنایە ئاراوە. شۆڕش لەلایەن خەڵکەوە ئەنجامدرا، بەڵام ئیمام (رە) دروستی کرد. ئەم شۆڕشە پێکهاتەیەکی سیاسیی پاشایەتیی لەناوبرد و بە دیموکراسی و جەماوەرسالاریی جێگەکای پڕ کردەوە.
ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ڕاشیگەیاند: ئەم شۆڕشە سیستمێکی دەستنیاو سەرشۆڕ لەبەردەم زلهێزەکانی لە گۆڕەپانەکە وەدەر ناو بە سیستمێکی سەربەخۆو پشت بەستوو بە سەربەرزیی جەماوەر جێگای گرتەوە. ئەم حکومەتە سیستمێکی ئیسلامیی لە مەیدانەکە دوورخستەوە و حکومەتێکی ئیسلامییانەی لە جێگای دامەزراند.
ڕوونیشی کردەوە: ئەم شۆڕشە ستەمکاریی لەگەڵ ئازادی، بێ شوناسیی ڕوولە پەرەی لەگەڵ شوناسی نەتەوەیی و متمانە بەخۆبوون گۆڕی. گەلێکی چاولەدەستی بیانیی بە هێزی «دەتوانین و پێمان دەکرێ» تەیار کرد.ئەمانه موعجیزەو پەرجووەکانی ئەم شۆڕشە گەورەیەن و ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورەیه که ئیمام (رە) له ئاستی نیشتمانیدا هێنایه ئاراوه.
ڕابەری مەزنی شۆڕش ئاماژەی بەوەش دا: «دەتوانین و پێمان دەکرێ» کلیلی چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانە. ئێمە کێشەمان هەبووە، هەشمانەو دەشمانیێت. بەڵام ئەو شتەی کە دەتوانێت ئەم کێشانە چارەسەر بکات و کێشەکانی ڕابردووی چارەسەر کردو لە داهاتووش دا دەبێتە ھۆی چارەسەربوونی کێشەکانمان ، ھەر ئەم ھێزەی «دەتوانین و پێمان دەکرێ»یە کە دیارە ئەوە ئیمامی مەزن بوو کە ئەم ورە شۆڕشگێڕانەیەی لە وڵات دا بەدی ھێنا.
وتیشی: بەڵام ئەوەی لە ئاستی ئوممەتی ئیسلامیدا ڕووی دا ئەوە بوو کە ئیمام ڕاچەنینی ئیسلامیی وەڕێ خست. قۆناغی دۆش دامان و بێ جوڵەیی لە جیهانی ئیسلامیدا لەگەڵ بزووتنەوەکەی ئیمام (رە) بەرەو لاوازی و لەناوچوون برا. ئەمڕۆ ئومەتی ئیسلامی لە سەر ھەست ترو چالاکتر و ئامادە و زیندووترە بە بەراورد بە سەردەمی پێش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی و سەردەمی پێش ئیمام (رە)، هەرچەندە هێشتا پێویستیی کارکردنی زیاتر لەو بوارەدا هەست پێ دەکرێت.
ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ڕاشیگەیاند: دوای ئەوەی زایۆنییەکان و لایەنگرانیان پێیان وابوو کە پرسی فەلەستین کۆتایی هاتووە و ئیدی بڕیار نەبوو باسی بکرێت، بەو گۆڕانکارییەی ئیمام بوو بە یەکەم پرسی جیهانی ئیسلام . ئەمڕۆ پرسی فەلەستین بە یەکەم پرسی جیهانی ئیسلامی دادەنرێت.
ئایەتوڵڵا خامنەیی جەختی لەوەش کردەوە: ئومێد هێزی بزوێنەری ئیمامی گەورە (رە) بوو، ئەم هیوایە بە ڕوونی لە وتەو کرداری ئیمام (ڕە)دا بە ئاشکرا دەبینرێت. لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا ئیمام (رە) لە دەستنووسەکاندا باسی ڕاپەڕین لە پێناوی خودای کردووە، کە لە کتێبخانەی خوالێخۆشبوو«وەزیری»دا لە یەزد هەڵگیراون. لە ساڵانی چلەکاندا هاتە ناو مەیدانی ڕاپەڕین و لە ساڵانی شەستەکاندا کە دەیەیەک گرژیی سیاسی و ئەمنی و سەربازیی بەبڵاو لە ئاردا بوو ، ناوچاوی گرژ نەکرد.
ڕابەری مەزنی شۆڕش لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: لەم دەیان ساڵەدا سەرچاوەیەی ھیوا لە ناخی ئیمام (رە)دا بوو کە ئەم کاریگەریانەی بەجێهێشت. ئیمام (رە) بۆخۆی لە وتەیەک دا ئاماژەی بەوەکردووەو دەڵێت: بە درێژایی ساڵانی خەبات ھەتا دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی قەت توشی ھیوابڕاوی نەھاتم و باوەڕم وایە کاتێک گەلێک شتێکی دەوێت، ئەوە دێتە دی.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە درێژەدا سەبارەت بە ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردووش وتی: گەڵاڵەداڕێژی ھزریی ئاژاوەگێڕییەکانی پاییزی ساڵی ڕابردوو لە ناوەندەکانی بیرکردنەوەی ڕۆژئاواو بە پاڵپشتیی چەکەمەنی و میدیایی فراوان ئەنجامدرا.
لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: کەسانێکیش نۆکەرییان کردن کە پشتیان لە نیشتمانەکەیان کردبوو. کەسانێک کە خیانەتیان لە وڵاتەکەیان کرد و لێرەوە ڕوویان لە ھەندەران کردو بوون بە بەکرێگیراو و بریکاری سیاسەتەکانی دوژمنانی ئێران، ھەڵبەت نەک هەر دوژمنانی کۆماری ئیسلامی، بەڵکو بوون بە دوژمنی ئێرانیش . هێزی پیادەشیان لە نێوخۆی وڵات دا بوون، هەندێکیان کەسانی ڕق لەدڵ و هەندێکیشیان خافڵ و بێ ئاگا بوون. کۆمەڵێک لاسارو شەقاوەشیان لەگەڵ دا بوون کە ببوون بە ھێزی پیادەی ئاژاوەکان.
بەڕێزی وەبیریشی هێنایەوە کە: ھەر لە ناوەندەکانی بیرکردنەوەی دوژمن لە دەرەوەی وڵاتەوە بگرە ھەتا دەگاتە چەقۆکێش و شەقاوەی نێو شەقام و بازاڕەکانی تاران، ئەمانە گرووپی پێکھێنەری ئاژاوەکان بوون، لبیریان لە هەموو شتێک کردبووەوە، لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی وڵاتانی دەرەوە، بێ ھیچ تێبینییەک خەڵکیان فێری دروستکردنی نارنجۆکی دەستی دەکرد. دروشمی جودابوونەوە لە ئێران و جموجۆڵی چەکدارییان لە شەقامەکانی تاران دا بە چەک و چۆڵی قاچاخ ھەڵدەدا. شەقاوەو چەقۆکێشەکان خوێندکارو فەقیەی بەسیجییان لە شەقامەکاندا ھەتا ئاستی کوشتن ئەشکەنجە کرد.
ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ڕوونیشی کردەوە: لە ناوەوە کەسانی ڕق لەدڵ دروشمیان ھەڵدەدا؛ لە دەرەوەش هەندێک کاربەدەستی باڵای حکومەتە بیانییەکانیش وێنەی یادگارییان لەگەڵ دوژمنان گرت و پێیان وابوو کار تەواو بووە. گەڵاڵەداڕشتن و پیلانەکەیان بە جۆرێک بوو کە پێیان وابوو کاری کۆماری ئیسلامی تەواو بووە و پێیان وابوو دەتوانن خەڵکی ئێران بخەنە خزمەتی خۆیانەوە؛ئەو گەمژانە دیسانەوەش توشی هەڵە ھاتن.
ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیشی: بەڵام خەڵکی ئێران بایەخیان بەو بانگەوازانە نەدا و گەنجانی ئەرکناس و پابەند توانیان کاری گەورە لە شەقام و زانکۆکان ئەنجام بدەن. بەسیجی خوێندکاری و بەسیجی چینەکانی کۆمەڵگاو هەروەها خەڵکی دینداروپابەند ئەرکی خۆیانیان بەجێ ھێناو دوژمنیان تێکشکاند و پیلانی دوژمنیان پووچەڵ کردەوە، بەڵام ئەم هۆشدارییە بە هەموو لایەک درا کە ئاگاداری فێڵ و پیلانی دوژمن بین.
ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ڕاشیگەیاند: لە وڵاتدا کێشە هەیە و دوژمن بەردەوام ئەو کێشانە بۆ لاوانی ئێران گەورە دەکاتەوە. ئێمە کێشەی بژێوی ژیان و هەڵاوسانمان هەیە، ڕاستە ئەو کێشانە بوونیان هەیە، دوژمن هەوڵدەدات کەڵک لەم کێشانە وەربگرێت بۆ کوژاندنەوەی چرای هیوا لە دڵی گەنجاندا، لە کاتێکدا ئەم کێشانە دەتوانرێت چارەسەر بکرێت- کە ھەڵبەت لە پشتی خودا ھەر چارەسەریش دەکرێت- کێشەو گرفتەکان نابێت هیوا لواز و سست بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سی و چوارەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی دامەزرێنەری مەزنی کۆماری ئیسلامی بە ئامادەبوونی خەڵک و بەرپرسانی لەشکری و حومەتی ، باڵوێز و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە گڵکۆی پیرۆزی ئیمام (رە) بەڕێوە چوو.