کانونی دوھەم 04, 2024 08:30 Asia/Tehran

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، پشت بەستنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هێزی نەرمی لە ستراتژیای سەرەکیی ئێران نرخاند لەماوەی چل وپێنج ساڵی ڕابردووداو بەپێداگری لەسەر چەکئامێرە پێشکەوتووەکان هاوتەریب لەگەڵ پێداویستیی وڵات و کارا لەهەمبەر تواناکانی دوژمنان، فەرمووی: تواناو هیزی نەرم دەبێ بەرفراوانتر بکرێ.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئەمڕۆ چوارشەممە لەدیداری هەزاران کەس لە مەدداحانی ئالووبەیت(ع) و شاعیرانی ئایینی، وێڕای پیرۆزبایی جەژنی پیرۆزی لەدایکبوونی حەزرەتی فاتیمە(س) ، و ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ئیمام خومەینی(ڕە) وەک ئاڵاهەڵگری جەهادی فاتمی، ڕێزی گرت لە یادو بیرەوەریی شەهیدی سپەهبود قاسم سولەیمانی.

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، وێڕای ئاماژە بە درێژەی نەریتی زۆر مەزنی جەهادی تەبیین یان شیکردنەوە لە زمان ئیمامان(ع) و خوتبەکانی ئالووبەیت، فەرمووی: لە درێژەی ئەو ڕێبازەدا، لە سەردەمی ئێمە، ئیمام خومەینی(ڕە) ئاڵای جەهادی شیکردنەوەی بەرز کردەوەو بە زمان و لۆژیک و هاندانی گەل، حکومەتی گەندەڵ و جێی شەرمەزاریی دیکتاتۆریەتی پاشایەتیی بۆماوەیی، لەبەین برد و حکومەتێکی جەماوەریی و ئیسلامی دامەزراند کە ئەو ڕووداوە مێژووییە، گرینگی و پتانسێلی کەم وێنەی"جەهادی تەبیین یان شیکردنەوە" ئاشکرا دەکا.

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، هێزی نەرمی بە کاریگەرتر لە هێزی سەخت زانی و فەرمووی: لەبەر ئەوەیە کە ئەمریکا سەرباری ئەو گشت چەکئامێرە پێشکەوتەی هەیەتی، لە بواری وەک میدیا، هونەر، ئەدەبیات و سینەمادا، زیاترین وەبەرهێنان دەکا.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی، هەروەها بەئاماژە بە هەڵاتنی سەرشۆڕانەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و نەفرەت و بێزاریی قووڵی خەڵکی عێراق لە کۆشکی سپی، وتی: هێزی سەخت نەیتوانی ئامادەبوونی ئەمریکا لەو دوو وڵاتە، بێڵێتەوە و سەرکەوتووی بکا بەڵام هێزی نەرم توانیویەتی تاقمێکی بەڕواڵەت کەمینەی وەک خەڵکی فەلەستین بخاتەبەر سەرنجی گشت جیهان کە ئەوە، لەبەر ستەملێکراویی، پشوودرێژیی وخۆڕاگریی گەلی فەلەستینە.

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی هەروەها فەرمووی: ئەمڕۆ خەڵکی غەززە نەک هەر لەهەمبەر رژیمی زایۆنیدا بەڵکوو لەهەمبەر جیهانی کوفر و تاغوت و ئیستکبار و ئەمریکادا ڕاوەستاون و ئەوەی کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەئاشکرا دەڵێ من زایۆنیم، یانی هەمان ئەویش هەمان شەڕئەنگێزی و ئامانجە نگریسەکانی رژیمی زایۆنی پێوشوێن دەگرێ.

بەڕێزیان ، وێڕای ئاماژە بەوەی کە یەکێ لە ئەرکەکانی خەباتکارانی تەبیین، ناسین و ڕوونکردنەوەی پرسەکانی رۆژ، لەوان پرسی غەززەو دوژمنکارییە ناحەزانە، فەرمووی: دەبێ لەهەمبەر پڕووپاگەندەی درۆیینی ئەمریکاو شوێنکەوتووانی دژ بە ئیسلام و نیزامی ئیسلامی، خۆڕاگریی بکرێ.

سەرپەیڤ