کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق: 102 سکاڵا تۆمار کراون و زۆربەیان کاریگەرییان لەسەر ئەنجام نابێت
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێ، سەدو دوو سکاڵا تۆمارکراون، بەڵام چاوەڕوان دەکرێ زۆربەیان کاریگەرییان لەسەر ئەنجام نەبێ.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ له وتوویژێکدا راگەیاند، کۆی گشتیی سکاڵاکانی رۆژانی دەنگدانی گشتی و تایبەت گەیشتووەتە سەدو دوو سکاڵا.
بەگوێرەی کۆمیسیۆن، سکاڵا زەردەکان، ئەو سکاڵایانەن کە مەرجی یاساییان تێدا نییە و لە بنەڕەتدا رەت دەکرێنەوە؛ سکاڵا سەوزەکانیش ئەو سکاڵایانەن کە بانگەشەی بوونی سەرپێچیی کارمەندانی کۆمیسیۆن، بانگەشەی هەڵبژاردن لە رۆژی دەنگدان یان سەرپێچیی هێزە ئەمنییەکان لە بنکەکانی دەنگدان لەخۆدەگرن. ئەم جۆرە سکاڵایانە پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی کارگێڕییە، بەڵام کاریگەرییان لەسەر ئەنجام نییە. حەسەن سەلمان، راوێژکاری یاسایی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند، هەموو ئەو تانانەی لەبارەی ئەنجامی دەنگدانەوە بەدەستیان گەیشتوون بە سکاڵا هەژماردەکرێن، نەوەک تانەی یاسایی و گوتی، هیچ سکاڵایەکی سوور تۆمار نەکراوە.