خۆپیشاندانی خەڵکی بەحرەین بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دادگەییکرانی زانایانی ئایینی شیعە
خەڵکی بەحرەین ناڕەزایەتیان دەربڕی دژ بە بەردەوامیی دەستبەسەرکردن و دادگاییکردنی زانایانی ئایینی شیعە لە وڵاتەکەیاندا.
شەوی ڕابردوو دورگەی سیترە لە بەحرەین ببووە گۆڕەپانی خۆپیشاندانێکی ئەو خەڵکەی کە بەردەوامبوونی پرۆسەی دەستبەسەرکردن و دادگاییکردنی زانایانی ئایینی شیعەیان مەحکووم دەکرد. لە چەند مانگی ڕابردوودا پڕۆسەی گوشارخستنە سەر شیعەکانی بەحرەین هاوڕێ بووە لەگەڵ زیادبوونی ڕادەی دەستبەسەرکردنی ئەمنی و سنووردارکردنی چالاکیی مەزهەبی. لە مانگی نیسانیشدا هێزە ئەمنییەکانی بەحرەین هەڵیانکوتایە سەر ناوچە شیعەنشینەکان و ژمارەیەک لە زانایانی ئایینی و چالاکانی مەزهەبییان بەبێ موڵەتی دادگا و فەرمانی دادوەر دەستگیرکرد و گواستنیانەوە بۆ شوێنێکی نادیار. کۆتلە سیاسییەکانی بەحرەین و چالاکانی مافی مرۆڤ بە شەرمەزار کردنی ئەم کردەوانە، خوازیاری ئازادکرانی دەستبەجێی گیراوان، کۆتاییهاتنی گرتن و لەبەند کردنی سەرەڕۆیانە و بڕانەوەی سیاسەتی ئەمنی و سنووردارکردنی سەپێنراو بە سەر پێکهاتەی شیعەی ئەم وڵاتە بوون.