ڕاچڵەکینی منداڵ لە خەودا؛ هۆکارەکان چین؟
ڕاچڵەکینی منداڵ ئەو کاتەیە کە منداڵەکە خەوتووە لەناکاو لە خەو ڕادەچڵەکێت و دەگری. منداڵ بە گشتی شەوان ڕادەچڵەکێت و لە خەو هەڵدەستێت.
ڕاچڵەکینی منداڵ لە خەودا هۆکاری خۆی هەیە یان برسییەتی یاخود خۆی پیس کردووە و تەڕە پێویست دەکات کە پاکی بکەیتەوە. بەڵام هەندێک جار منداڵ هیچ کام لەم هۆکارانەی نییە و لەناکاو ڕادەچڵەکێت و دەگری بەردەوام.
ئەو هۆکارانەی خوارەوە وادەکەن منداڵ لەناکاو لە خەو ڕابچڵەکێت:
- هەندێک جار بەهۆی ئەوەی زۆر تێره یاخود زۆر برسییە ناتوانێت بخەوێت و ڕادەچڵەکێت.
- پلەی گەرمی ژوورەکە گونجاو نەبێت، زۆر گەرم یاخود زۆر سارد بێت.
- خەوتنی منداڵەکە لەسەر یەک شێواز، کە ڕادەچڵەکێت لەوانەیە هۆکارەکەی ئەوە بێت و بێزاربێت و بیەوێت شێوازی پاڵکەوتنەکەی بگۆڕیت.
- ئازاری گەدە و غازاتی ناوسکی منداڵەکە هۆکارێکی ترە.
- منداڵەکە یان هیچ ماندووی خەو نییە، واتە ڕۆژەکە تەواو خەوتووە و ئێستا نایەوێت بخەوێت، یاخود ڕۆژەکە هیچ نەخەوتووە و خەوی ئێستای قەرەبووی ناکاتەوە و خەوی لێ تێکچووە، بۆیە گرنگە کە کاتی خەوی منداڵەکەت ڕێک بخەیت بە ڕۆژ و بە شەودا. - ڕاچڵەکین بەهۆی ترس لە تەنهایی، بۆیە گرنگە کە لەلای بیت و کاتێک دەزانیت لە تەنهایی دەترسێت نەهێڵیت کە بە تەنها بێت، باوەشی پێدا بکە و دڵنیایی بکەرەوە کە تۆ هەمیشە لە گەڵیدایت.
- کاتێک منداڵ لە خەو هەڵدەستێت و بە چاوی داخراوەوە بەردەوام دەگری، ئەوا خەوی خراپی بینیووە و زۆر ترساوە.
- هەستان لەخەو و دانیشتن و بەردەوام گریان کە لەم حاڵەتەدا تەواو ئاگای لەخۆی نییە، هۆکاری ئەمەش لەوانەیە ئەوە بێت کە بە ڕۆژدا تووڕەبوون لێی یاخود لە شتێک ترساوە و لە ژینگەیەکی لەباردا نەبووە.
- نەخۆشیی هۆکارێکی ترە
- هۆکارێکی تر هەرس نەبوونی خواردنەکەیە لە گەدەیدا، ئەمەش بەوە جیادەکرێتەوە کە منداڵەکە بە دەنگی بەرز ناقیژێنێت و ناگری بەڵکوو گریانەکەی هاوشێوەی هاوار کردنە و ماندوو دیارە و پێچیش لەخۆی دەدات.
- کێشەی لووت گیران بەهەمان شێوە وادەکات منداڵ خەوی لێنەکەوێت و ڕابچڵەکێت، کە زۆرجار بەهۆی سەرمابوونەوە تووش دەبێت و لەم حاڵەتەدا جگە لە گریان گوێت لە دەنگی خیزە خیزی سەر سنگی دەبێت و هەروەها هەست بە لووت گیرانیشی دەکەیت.
- ئازاری گوێ و قورگ و تا، ئەمانەش هۆکارن تاکوو منداڵ لە خەو ڕابچڵەکێنن.
- هەندێک کات منداڵ لە تەمەنی شەش مانگیدا ئەو هەستەی بۆ دروست دەبێت کە خێزانەکەی بەجێی دەهێڵن و بە تەنهایە و ئەمەش وادەکات کە شەوان لە خەو ڕابچڵەکێت و بترسێت، لەم حاڵەتەدا لەباوەش کردن و یاری کردن لەگەڵی حاڵی باش دەکات.
- هەروەها لەوانەیە منداڵەکە دوای ڕاچڵەکینی لە خەو دانەنیشێت لە شوێن خۆی و بسوڕێتەوە و یاخود ڕابکات، کە ئەمەش بەهۆی ئەوەیە کە بە ڕۆژدا زۆر دەجوڵێت.
بۆ پێشیگرتن لە ڕاچڵەکینی منداڵ لە خەودا چی بکەین؟
لێرەدا هەندێک ڕێنمایی بۆ دایکان بۆ پێشیگرتن لە ڕاچڵەکینی منداڵ لە خەودا باس کراونەتەوە:
- هەوڵ بدە منداڵەکەت خۆراکێکی باشی هەبێت و تێر بخوات تاکوو لە خەودا بەهۆی برسییەتیەوە لە خەو ڕانەچڵەکێت.
- واباشترە زۆرترین بڕی پێدانی شیر بە منداڵەکەت لە ماوەی ڕۆژدا بێت، دوای ئەوەی کە منداڵەکەت گەشتە تەمەنێک کە توانی خواردنی جۆراوجۆریش بخوات نابێت خێرا و لەناکاو شیری خۆتی لێ ببڕیتەوە، پێویستە وردە وردە ئەو کارە بکەیت تاکوو بەتەواوی خەو و خۆراکی منداڵەکەت تێک نەدەیت.
- هەوڵ بدە کاتی خەوەکانی بە ڕۆژدا بە جۆرێک بۆ دابنێیت، کە بە تەواوی شەو کاتی خەو ماندووببێت و بخەوێت.
- هەموو شەوێک لە کاتێکی دیاریکراودا بیخەوێنە، نەک هەر شەوە و کاتێکی جیاواز.
- ئەگەر لەناکاو منداڵەکەت ڕاچڵەکی، مەشڵەژێ و ئارامی بکەرەوە، لەلای بخەوە با دڵنیا بێت کە تەنها نییە و هیچ شتێک ناتوانێت ئازاری بدات و گڵۆپەکانیش بکەرەوە تاکوو نەترسێت.
- لەوانەیە چەند هەفتەیەک درێژە بکێشێت تاکوو ڕابێت لەگەڵ جۆرە ڕۆتینێکی خەودا بەڵام کێشە نییە و بەردەوامبە.