ئادار 04, 2025 10:56 Asia/Tehran
  • شلیک چۆن دەچێنرێت؛ هەنگاوەکان و تێبینییەکان سەبارەت بە شێوازی گرنگیپێدانی

لەم نووسینەدا باسی چاندنی شلیک یان شلک کە وەکوو تووفەرەنگی یان چلیک و فراولەیش دەناسرێت، هەروەها تێبینییەکانی سەبارەت بە شێوازی گرنگیپێدانی دەکەین.

بۆ باخچەکان سێ جۆری سەرەکی لە شلیک هەیە کە دەکرێت بچێنرێن و گەشە بکەن؛ هەر کام لە جۆرەکان لە کاتێکدا بەردەگرێت، بەڵام یەکێکیان دەتوانێت لە ساڵێکدا دوو وەرز بەرهەمی هەبێت. هەروەها قەبارەی شلیکەکانیش لە جۆرێکەوە بۆ جۆرێکی تر دەگۆڕێت. جگە لە ئەمانەش تامەکان جیاوازن و هەندێکیان  لە ئەوانی تر خۆشترن.  

ڕووەکی شلیک ڕووبەڕووی نەخۆشیی کەڕوویی یان ھەوکردنی قارچکی (Fungal infection) دەبێتەوە کە کاریگەری دەبێت لەسەر بەر و گەڵاکانی؛ سەرەتا کەڕووەکە کار لەسەر ڕەگەکەی دەکات و دەبێتە هۆی خراپبوونی بەرهەمەکەی. دواتر کاریگەری لەسەر گەڵاکانیشی دەبێت و بەم هۆیەوە گەڵاکانی سیس دەبن، بەڵام ئەو نەخۆشییانەی کە تایبەتن بە گەڵاکانی کاریگەری کەمتریان هەیە لەسەر ڕووەکەکە و بەرهەمەکەی. بۆ چارەسەرکردنیش تەنها پێویستە شێوازی گرنگیپێدانی ڕووەکەکە دروست بێت و تایبەتمەندییەکانی بۆ دابین بکرێت.  

 

هەنگاوەکانی چاندنی ڕووەکی شلیک

- سەرەتا پێویستە جێگەیەکی گونجاو بۆ چاندنی ڕووەکەکە دیاری بکرێت؛ بەتایبەتی ئەگەر خاکەکە لاواز بێت، پێویستە ماددەی خۆراکی بۆ زیاد بکرێت، چونکە دواتر هاوکاری گەشەکردن و وشکبوونەوەی خاکەکە دەکات.

- ڕووەکی شلیک لە نێوان مانگەکانی ٤-٦ لە خاک یاخود لە نێو ئینجانە و گۆزەکاندا دەچێنرێت.

- کاتێک ڕووەکەکە لە خاکدا دەچێنرێت، دەبێت قووڵایی چاڵەکەی زۆر نەبێت و کەمیش نەبێت، بەڵکو مامناوەندی و هاوشێوەی ئەو قووڵییە بێت کە لە گۆزەیەکدا بۆی دابین دەکرێت.

- مەودای نێوان ڕووەکێکی شلک بۆ دانەیەکی تر بە نزیکەیی ٣٠-٤٦ سانتیمەتر ببێت.

- هەروەها لە پاش چاندنی پێویستە ئاو بدرێت. دواتر هەفتانە پێویستی بە ئاودانێکی کەم هەیە، کە تەنها ٢.٥ سانتیمەتری خاکەکەی تەڕ ببێت. کاتی ئاودانیشی باشترە لە بەیانیاندا بێت بۆ ئەوەی دواتر گەڵاکانی وشک ببنەوە و ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی کەمتر بێت.

 

هەندێک تێبینی سەبارەت بە گرنگیپێدان و چاودێریکردن لە ڕووەکی شلیک

لەپاش چاندنی ڕووەکی شلیک، باشترە کە لە چەند هەفتەی یەکەمدا هەموو چەکەرە نوێیەکانی ببڕدرێت؛ ئەمە هاوکاری ڕەگی ڕووەکەکە دەکات بەهێزتر ببێت و گەڵای زیاتر بگرێت. پاشان ڕووەکەکە وزەی پێویستی دەبێت بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمی گەورە و ئاودار. هەروەها بۆ ئەوەی کە ڕووەکە بەرهەمێکی گونجاوی هەبێت ئەوا ڕۆژانە پێویستی بە خۆری تەواو هەیە، واتە بەلایەنی کەمەوە شەش کاتژمێر ڕووناکی ڕاستەوخۆی خۆری بەربکەوێت. بڕی کاتی نموونەیی دەبێت بگاتە ١٠ کاتژمێر و زیاتر.

بەدرێژایی وەرزی گەشەکردنی چەندین لقی بەهێزی پێویستە هەڵبپاچرێت؛ چونکە ئەگەر وا نەکرێت ئەوا شلیکەکان زۆر بەخێرایی و بەفراوانی لە مەودای جێگەکەدا بڵاو دەبنەوە و داگیری دەکەن و دواتریش جڵەوکردنیان ئاسان نابێت. گوڵەکان خۆیان دەپەڕێنن بەڵام بۆ گواستنەوەی دەنکە هەڵاڵەکانیان پێویستییان بە هەنگ و بوونەوەرەکانی تر هەیە، واتە ئەو گیانەوەرانەی کە دەبنە هۆی گواستنەوەی دەنکە هەڵاڵە.

ڕووەکی شلیک لە نیوەی مانگی پێنجدا گوڵ دەگرێت؛ لە دوای چەندین هەفتە لە گوڵگرتنی لە وەرزی هاویندا شلیکەکان بەر دەگرن و ئامادە دەبن بۆ لێکردنەوە. کاتی ئامادەبوونیشیان ئەوەیە کە ڕەنگی بەرەکەی بەتەواوەتی بۆ سوور دەگۆڕێت و چێژ و تامێکی گەورەی هەیە. هەندێکیان بەشی ژێرەوەی گەڵاکانیان بە سپی دەمێننەوە کە ئەمەش بەهۆی گەڵاکانەوەیە و ئامادەیە بۆ لێکردنەوە.  

لە نێوان مانگەکانی ٧-٨ کاتێک بەرهەمهێنانی ڕووەکەکە تەواو دەبێت، نزیکی وەرزی زستان دەبێتەوە کە کاتی پشوودانی شلیکەکانە و پێویستە هەڵباپچرێت. ئەگەر خاکەکەشی زۆر لاواز بێت، پێویستە ماددەی خۆراکی بۆ زیاد بکرێت. پاشان کاتێک ڕێژەی بارانبارین زۆر بەرز دەبێت، دەکرێت سەماد بۆ بنجی ڕووەکەکان زیاد بکرێت. هەروەها زۆر پێویستە کە گژوگیا زیانبەخشەکان بە تایبەتی لە ساڵی یەکەمی تەمەنیدا لا ببرێن. 

سەرپەیڤ