جۆرەکانی نەخۆشیی کەڕوویی: بۆقژە، پوکانەوەی لەپڕ و ...
نەخۆشی کەڕوویی کاندیدیاسس لە ناو شانەکانی دەمدا بە چەند جۆری جیاواز دەردەکەوێت کە لە خوارەوە باسیان دەکەین.
١ - بۆقژە
نەخۆشی بۆقژە (Thrush) بە شێوەی پەڵەی سپیی لە تەنیشت یەک یان بڵاو لە شوێنی جیاوازی ناو دەمدا دەردەکەوێت، بەڵام ئازاریان نییە. ئەم پەڵانە بە توندی بە شانەی ژێر خۆیانەوە نەنووساون، لەبەر ئەوە بە ئاسانی دەتوانرێت ڕابماڵرێت. دوای لابردنی ئەم پەڵە سپیانە، شانەیەکی بەرزەوە بوو یان هەندێ جار برینێکی نیمچە قووڵ دەبینرێ. ئەم نەخۆشییە لە منداڵە شیرەخۆرەکاندا زیاتر دەردەکەوێت. هەرچەند هیچ گرفتێک بۆ منداڵ دروست ناکات، بەڵام چاکتر وایە منداڵەکان ببەین بۆ لای پزیشکی پسپۆڕی منداڵان تاوەکو ئەگەر پێویست بکات دەرمانی چارەسەری بۆ بنووسرێت. لە ڕابردوودا وا بیریان دەکردەوە کە هەوکردن بەهۆی کەڕووی کاندیدیاسس تەنها بە شێوەی بۆقژە دەردەکەوێت بەڵام ئەمڕۆ شێوەی تری ئەم نەخۆشییە دۆزراوەتەوە.
٢ - نەخۆشیی کەڕوویی پوکانەوەی لەپڕ (Acute Candidial Atrophy)
نەخۆشیی کەڕوویی "پوکانەوەی لەپڕ" یان بچووک بوونەوەی شانەیەک بەهۆی بچووک بوونەوەی خانەکانی یان کەم بوونەوەی ژمارەی خانەکانی کە پێی دەوترێ پوکانەوە (Atrophy). ئەم نەخۆشییە زیاتر لە کەسانێکدا دەبینرێت کە دژە زیندەگی (Antibiotic)ـی بەهێز بەکار دەهێنن. ئەم حاڵەتە پێچەوانەی بۆقژەیە کە برینە بنکەیەکی سپی ڕەنگی هەیە؛ لە نەخۆشییەدا شانەی توشبوو هەو (سۆ) دەکات و سوور دەبێتەوە و ئازارێکی بەهێزی دەبێت. زۆربەی کات زمان تووشی ئەم نەخۆشییە دەبێت کە سوتانەوەی زمانی لەگەڵدایە. بەکارهێنانی گیراوەی دەم شۆری دژە میکرۆب بە ڕێژەیەکی زۆر ئەم نەخۆشیەی دروست ئەکات.
٣ - نەخۆشیی کەڕوویی هایپەر پلاستیکی درێژخایەن (Leukoplachia)
ئەم جۆرە نەخۆشییە وەکوو بۆقژە بنکەی برینەکەی سپییە، بەڵام لەبەر ئەوەی کە گەورەیە بە ئاسانی بەهۆی ماڵینەوە بە هەر شتێک لاناچێت. ئەم نەخۆشییە زۆرتر لەو کەسانەدا دەبینرێ کە تێکچوونی کۆئەندامی بەرگری یان هۆرمۆنیان هەیە. هەست کردن بە سوتانەوە و کزانەوە، بۆنی ناخۆشی ناو دەم لە زۆربەی ئەو کەسانەدا کە تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن، دەبێت. جگەرە کێشانی لەڕادەبەدەر هۆکارێکی تەشەنەسەندنی ئەم نەخۆشییەیە.
٤ - نەخۆشیی کەڕوویی پوکانەوەی درێژخایەن
ئەم نەخۆشییە بە شێوەی پارچە شانەی هەوکردووی بڵاو لە ناو شانەی دەمی نەخۆشدا کە ددانی دەستکردیان هەیە (تاقمی تەواو یان نیوە تاقم) دەبینرێت. نەخۆشییەکە زیاتر لە شەویلگەی سەرەوەدا دەبینرێت و لەوانەیە قڵیشانی گۆشەکانی لێوەی لەگەڵدا بێت. لەوانەیە ئەم نەخۆشییە بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە ژێر ددانە دەستکردەکاندا (تاقم) بێت و هیچ کاریگەرییەکی خراپی بۆ نەخۆشییەکە نەبێت. هەندێک جار نەخۆشەکە ئازار و کزانەوەی دەبێت و سەردانی پزیشکی دەم و ددان دەکات. ئەم نەخۆشییە زۆربەی جار بەهۆی ڕانەگرتنی پاکوخاوێنی دەم و ددان و تاقمەکەوە یان شلبوونی تاقمەکانەوە دەردەکەوێت. هەندێ لە پزیشکە لێکۆڵەرەوەکان کەمبوونی ڤیتامینی بی (Vit. B) بە هۆکارێکی تری ئەم نەخۆشییە دەزانن.
چارەسەر
چارەسەری هەموو جۆرەکانی ئەم نەخۆشییە بریتییە لە بەکارهێنانی دەرمانی دژە کەڕوو کە بە شێوەی بەرهەمی جیاواز وەک (قەترە، حەب، کرێم، مەڵهەم) هەیە و لە ژێر ڕێنمایی پزیشک یان پزیشکی دداندا بەکار دەهێنرێن .