حاڵەتی پێی تەخت چەندە باوە و هۆکارەکانی چین؟
پێیەکانی مرۆڤ (گۆشەیەکی کەوانەیی) تێدایە کە بە ھەماھەنگی کۆمەڵێک لە ماسوولکە و ژێ دروست دەبێت. ئەو کەوانەیە یارمەتیدەرە لە ڕێکردن دەکات.
بوونی حاڵەتی پێی تەخت (Flat foot) تا ڕاددەیەک باوە و نزیکەی ٢٠٪ـی خەڵکی پێیەکانیان ئەو گۆشە کەوانەییەی نییە یان ھەیانە و گۆشەکەی کەمترە، ئەمەیش لە قولەپێ و ئەژنۆ و ھەندێک جاریش لە ناوچەی خوارووی پشتییاندا دوای کەمێک لە ڕۆشتن بە ڕێدا یان وەستان بە پێوە بۆ ماوەیەک تووشی ئازار و ناڕەحەتییان دەکات یاخود ڕاکردنییان زەحمەت دەکات.
ھۆکاری ئەم حاڵەتەیش بە پێی ڕای پسپۆڕانی بوارەکە دەگەڕێتەوە بۆ چەن ھۆکارێک لەوانە:
- بۆماوەیی.
- پچڕانی ماسوولکە.
- رۆماتیزم و ھەوکردنی جومگەیی ئێسک.
- تێکچوون یان لەکارکەوتنی ئەو ژێیەی کە کەوانەکەی دروستکردووە.
چارەسەری تەختبوونی پێیەکان، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت؛ بە جۆرێک کە ڕەنگە ئەوانەی ئازارییان نییە پێویست نەکات بچنە پزیشکی تایبەت. بە گشتی شارەزایان ڕێنمایی کەسانی «پێ تەخت» دەکەن بە لەپێکردنی پێڵاوی تایبەت بە خۆیان و کۆمەڵێک وەرزشی تایبەت بۆ باشترکردنی گۆشە کەوانەییەکە و کەمبوونەوەی ئازارییان. هەروەها کەسانێک کە کێشیان زۆرە و شەکرەیان ھەیە، حاڵەتەکە تیایاندا قورسترە و ئازاریان زیاترە لە کەسانی دی.