خەڵەفان (١)؛ خەڵەفان بە چی پێناسە دەکرێت و نیشانەکانی چین
خەڵەفان یان تێکچوونی بیر دەستەواژەیەکی گشتگیرە بۆ وەسفکردنی کۆمەڵێک نیشانە کە بەتوندی کار لە یادەوەری، بیرکردنەوە، ڕەفتار و توانا کۆمەڵایەتییەکانی تاک دەکەن، بەڕادەیەک کە ژیانی ڕۆژانەی پەک دەخەن. خەڵەفان نەخۆشییەکی دیاریکراو نییە بەڵکوو کۆمەڵە نەخۆشییەک دەگرێتەوە کە دەبنە هۆی کەمبوونەوەی توانای مێشک. بەپێی خەمڵاندنەکان ٪٥٠ی کەسانی سەروو تەمەن ٨٥ ساڵی تووشبووی خەڵەفانن. ئەو چارەسەرانەی کە ئێستا بەردەستن تەنیا یارمەتیی هێواشکردنەوەی کەمبوونەوەی توانای مێشک دەدەن.
هەرچەندە خەڵەفان یان "Dementia" بە شێوەیەکی گشتی دەبێتە هۆی لەدەستدانی یادەوەری، بەڵام لەدەستدانی یادەوەری خۆی هۆکاری جیاوازی هەیە. لەدەستدانی یادەوەری بەتەنیا واتای ئەوە ناگەیەنێت کەسێک تووشی خەڵەفان بووە؛ بەڵام زۆرجار دەکرێت نیشانەیەکی سەرەتاییی تووشبوون بە خەڵەفان بێت. هەروەها هەندێک گۆڕان لە یادەوەریدا شتێکی ئاساییە کە بەهۆی چوونە تەمەنەوە ڕوودەدەن؛ چونکە لەگەڵ زیادبوونی تەمەن دەمارەخانەکانی مێشک ئاسایییانە دەمرن و ئەم جۆرەی لەبیرچوونەوەش کێشەیەک نییە کە ژیانی ڕۆژانەی تاک پەک بخات. بەڵام خەڵەفان کار لە ژیانی ڕۆژانەی تاک دەکات و پەکی دەخات.
خەڵەفان بە واتای ئەوە نایەت کە لەبیری بکەیت کلیلەکەت لەکوێ داناوە بەڵکوو بە واتای ئەوە دێت کە لەبیری بکەیت کلیل بۆچی بەکار دێت؛ چونکە لە خەڵەفاندا توانای مێشک بەتەواوی کەم دەبێتەوە و ئەمەش بەشێک نییە لە پیربوونی ئاسایییانەی مێشک. لە کۆتا قۆناغەکانی خەڵەفاندا کەسەکە هیچ شتێکی بیر نامێنێت، ناتوانێت هیچ کارێکی خۆی ئەنجام بدات و پێویستی بە یارمەتی و چاودێری بەردەوام دەبێت.
نەخۆشیی "ئەلزەهایمەر" باوترین هۆکاری خەڵەفانی پەرەسەندوو لە پێگەیشتووانی بەتەمەنە، بەڵام زۆر هۆکاری تری خەڵەفان بوونیان هەیە. هەروەها بەپێی هۆکارەکە هەندێک لە نیشانەکانی خەڵەفان دەکرێت پێچەوانە بکرێنەوە و نەمێنن. شایەنی باسە کە خەڵەفان و نەخۆشیی ئەلزەهایمەر یەک شت نین، دەکرێت کەسێک لە کۆتا قۆناغی ئەلزەهایمەردا تووشی خەڵەفان ببێت. هەروەها خەڵەفان جیاوازی هەیە لەگەڵ وڕێنەش؛ نیشانەکانی وڕێنە تا ڕادەیەک هاوشێوەی خەڵەفانن، بەڵام زۆر خێرا ڕوودەدەن و دەردەکەون بەپێچەوانەی خەڵەفان کە چەندان ساڵ دەخایەنێت.
ڕێژەی بەربڵاویی خەڵەفان لەسەر ئاستی جیهاندا
لە سەرتاسەری جیهاندا، نزیکەی ٥٥ ملیۆن کەس خەڵەفانیان هەیە کە نزیکەی ٪٦٠ـیان لە وڵاتانی کەمدەرامەت و مامناوەندن. هەروەها بەپێی خەمڵاندنەکانیش پێشبینی دەکرێت کە بۆ ساڵی ٢٠٣٠ ئەم ڕێژەیە بگاتە ٧٨ ملیۆن و بۆ ساڵی ٢٠٥٠ـش بگاتە ١٣٩ ملیۆن تووشبوو.
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نزیکەی پێنج ملیۆن تووشبووی ئەلزەهایمەر و خەڵەفانی ئەلزەهایمەر هەن و پێشبینی دەکرێت ڕێژەکە بۆ ساڵی ٢٠٥٠ بگاتە ١٤ ملیۆن تووشبوو. ئەلزەهایمەر کە باوترین هۆکاری خەڵەفانە، شەشەم هۆکاری مردنە لە ئەمریکادا.
نیشانەکانی خەڵەفان
نیشانەکانی خەڵەفان بەپێی هۆکارەکەی دەگۆڕێن، بەڵام نیشانە و هێما هاوبەشەکان بریتین لە:
١ - گۆڕانی هزری
- لەدەستدانی یادەوەری کە زۆرجار لەلایەن کەسێکی ترەوە تێبینی دەکرێت؛ وەکوو لەبیرکردنی ڕووداو و زانیارییە نوێیەکان.
- زەحمەتی لە قسەکردن و پەیوەندیکردن لەگەڵ دەوروبەر، دووبارەکردنەوەی هەمان قسە و پرسیار لەماوەیەکی زۆر کورتدا.
- زەحمەتی لە کردنی ئەو کارانەی پێویستیان بە بینین هەیە لە شوێنی کراوەدا، بۆ نموونە ونبوون لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا.
- زەحمەتی لە بیرکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەدا.
- زەحمەتی لە بەجێگەیاندنی ئەرکە ئاڵۆزەکان، وەکوو ددانشوشتن، گرتنەوەی قاوە.
- زەحمەتی لە پلاندان و ڕێکخستن.
- زەحمەتی لە جووڵە و ڕێکخستنی کەلوپەلدا، وەکوو دانانی شتەکان لە شوێنی هەڵە.
- شڵەژان و سەرلێشێوان لەبارەی کات و شوێن، وەکوو نەزانینی وەرز، مانگ و ساڵ.
٢ - گۆڕانی دەروونی
- گۆڕانی کەسایەتی
- خەمۆکی
- دڵەڕاوکێ
- ڕەفتاری نەگونجاو
- پارانۆیا (بەدگومانی)
- هەژین
- هەلوەسە
خەڵەفان بە چ هۆیێک ڕوودەدات
خەڵەفان بەهۆی زیانپێگەیشتن و لەناوچوونی دەرمارەخانەکان یان نەمانی پەیوەستیی نێوان دەرمارەخانەکان لە مێشکدا ڕوودەدات؛ بەپێی ئەو شوێنەی مێشک کە زیانی پێ دەگات خەڵەفانەکە دەکرێت بەشێوازی جیاواز کار لە کەسانی تووشبوو بکات و نیشانەی جیاواز دروست بکات. خەڵەفان دەست پێ دەکات کاتێک ئەو بەشانەی مێشک کە بەرپرسن لە فێربوون، یادەوەری، بڕیاردان و زمان بەهۆی نەخۆشییەکەوە یانیش تووشبوونێکی میکرۆبییەوە زیانیان پێ دەگات. خەڵەفان دەکرێت بەهۆی نەگەیشتنی خوێن بە مێشک و کەمیی ئۆکسیجین و ماددەی خۆراکیی پێویستیش ڕووبدات، چونکە ئەمانەش دەبنە هۆی مردنی خانەکانی مێشک.
خەڵەفان هۆکاری زۆری هەیە کە باوترینیان ئەلزەهایمەرە و بەپێی هۆکارەکانیش جۆرە جیاوازەکانی خەڵەفان دیاری دەکرێن وەکوو خەڵەفانی ئەلزەهایمەر، خەڵەفانی تەنی لووی، خەڵەفانی هەنتینتن و خەڵەفانی پارکینسن و ...هتد کە هەر جۆرێک بە شێوەیەک کار دەکاتە سەر لەناوچوونی دەمارەخانەکانی مێشک لە بەشە جیاوازەکانی مێشکدا. بۆ نموونە لە نەخۆشیی ئەلزەهایمەردا بەرزبوونەوەی ئاستی پڕۆتینێکی دیاریکراو لە مێشکدا دەبێتە هۆی ئەوەی دەمارەخانەکان نەتوانن بە تەندروستی بمێننەوە و پەیوەندییان لەگەڵ یەکدا هەبێت. ئەو بەشەی مێشک کە پێی دەوترێت (Hippocampus) ناوەندی فێربوون و یادەوەرییە لە مێشکدا و زۆربەی جاریش دەمارەخانەکانی ئەو بەشە یەکەمجار زیانیان پێ دەگات، هەر بۆیەش زۆرجار یەکەمین نیشانەی ئەلزەهایمەر، لەدەستدانی یادەوەرییە.